zagros news agency

وەستاندنی دەرمانی کەمکردنەوەی کێش مەترسیی دڵ زیاد دەکات  

 

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات وەستاندنی دەرزیی کەمکردنەوەی کێش لەوانەیە مەترسیی جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک یان مردن لە تووشبووانی شەکرەی جۆری ٢دا دوو هێندە زیاد بکات. ئەم توێژینەوەیە سەرنجی خستووەتە سەر ئەو کەسانەی تووشبووی شەکرەی جۆری ٢ بوون و لە کاتی دەستپێکی لێکۆڵینەوەکەدا، هیچ نەخۆشییەکی دڵیان پشتڕاست نەکرابووەوە.

ئەم لێکۆڵینەوەیە نیشانی دا باری تەندروستیی دڵ لەو کەسانەی لە بەکارهێنانی دەرمانەکانی GLP-1، بەردەوام بوون، لەو کەسانەی کە بەکارهێنانی ئەم دەرمانانەیان وەستاندبوو، باشتر بووە. لە ئێستاشدا پێدەچێت دەرمانەکانی GLP-1 بۆ دڵ سوودبەخش بن و توێژینەوەکان نیشان دەدەن کە ئەم دەرمانانە لەوانەیە هەوکردن کەم بکەنەوە و کارکردی خوێنهێنەرەکان باشتر بکەن. کەمکردنەوەی کێش خۆی بە شێوەیەکی ئاسایی دەبێتە هۆی باشتربوونی پەستانی خوێن و ئاستی کۆلیستڕۆڵ و کەمبوونەوەی هەوکردن، کە هەموویان بۆ تەندروستیی دڵ سوودبەخشن.

پسپۆڕان بۆ ئەنجامدانی ئەم لێکۆڵینەوەیە، سۆنیای بابو نارایان، بەڕێوەبەری کلینیکیی دامەزراوەی دڵی بەریتانیا و پسپۆڕی ڕاوێژکاری دڵ و خوێنبەرەکان، گوتوویەتی: “ئەم دۆزینەوانە ئاماژە بەوە دەکەن کە تووشبووانی شەکرەی جۆری ٢ کە بەکارهێنانی دەرمانەکانی GLP-1 ڕادەگرن، لەوانەیە لە داهاتوودا لە چاو ئەو کەسانەی بەردەوام دەبن لە چارەسەرەکە، زیاتر ڕووبەڕووی مەترسیی جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک یان مردن ببنەوە.”

ئەم گرووپە توێژینەوەیە کە پسپۆڕانی ئیتاڵیا و دامەزراوەی خزمەتگوزاریی نیشتمانیی تەندروستیی “گایز و سەینت تۆماس” لە لەندەن تێیدا بەشدار بوون، زیاتر لە ٨٠ هەزار کەسی تووشبووی شەکرەی جۆری ٢یان دەستنیشان کرد کە دەرمانەکانی GLP-1یان بەکار دەهێنا. ئەو کەسانەی چارەسەرەکەیان بەردەوام کردبوو، بە تێکڕا نزیکەی سێ ساڵ یەکێک لە دەرمانەکانی GLP-1یان بەکار هێنابوو. تێکڕای ماوەی چارەسەر بۆ ئەو کەسانەی دەرمانەکەیان وەستاندبوو، کەمێک زیاتر لە یەک ساڵ بوو.

بە گشتی، ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مەترسیی جەڵتەی دڵی نەمەرگبار، جەڵتەی مێشکی نەمەرگبار یان مردن بە هەر هۆکارێک، لەو کەسانەی چارەسەرەکەیان وەستاندبوو، نزیکەی دوو هێندەی ئەو کەسانە بوو کە چارەسەرەکەیان بەردەوام کردبوو. توێژەران گوتیان کە ئەم ڕێژەیە لە نێوان ئەو کەسانەی چارەسەرەکەیان وەستاندبوو، یەکسان بوو بە نزیکەی چوار حاڵەتی جەڵتەی مێشک یان جەڵتەی دڵ لە هەر ١٠٠ کەسێکدا لە ساڵێکدا، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە لە نێوان ئەو کەسانەی چارەسەرەکەیان بەردەوام کردبوو، دوو حاڵەت بوو لە هەر ١٠٠ کەسێکدا.

پێدەچوو ئەم مەترسییانە لە نێوان ئەو کەسانەی دەرمانەکەیان وەستاندبوو و هێشتا قەڵەو بوون، زیاتر بێت. شیکارییەکانی زیاتر ئاماژە بەوە دەکەن کە وەستاندنی بەکارهێنانی ئەم دەرمانانە، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئایا کەسەکان دوای وەستاندنی چارەسەرەکە دووبارە کێشیان زیاد کردووە یان نا، یان ئایا شەکری خوێن و پەستانی خوێنیان بەرز بووەتەوە یان نا، لەوانەیە کاریگەریی لەسەر دڵ هەبێت. توێژەران لە وتارێکدا کە لە گۆڤاری “لانسێت ڕیجناڵ هێڵس – ئەورووپا” بڵاو کرایەوە، جەختیان کردەوە کە ئەم لێکۆڵینەوەیە لە جۆری چاودێری بووە. ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەگەری هەیە ئەو کەسانەی بەکارهێنانی دەرمانەکانی GLP-1یان وەستاندبوو، پێشتر باری تەندروستییان خراپتر بووبێت. ئەم گرووپە گوتی کە هۆکارەکانی وەستاندنی چارەسەرەکە لەلایەن کەسەکانەوە لەبەرچاو نەگیرابوون، هەرچەندە ئەم هۆکارانە لەوانەیە کاریگەریی لاوەکی، تێچوو یان نەخۆشییەکانی وەک لاوازیی جەستەیی یان شێرپەنجەیان لەخۆ گرتبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

کاریگەرییەکانی سرکەی سێو لەسەر تەندروستی

lana

تۆمارکردنی حاڵەتێکی پزیشکیی زۆر سەیر و دەگمەن؛ دڵخۆشیی لەڕادەبەدەر ژنێکی رەوانەی نەخۆشخانه کرد

سەڵاح

ئەو چوار جۆر خۆراكەی بەردی گورچیلە و نەخۆشی جگەر دروستدەكەن

lana