بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، تەختی خەوی ڤیبرە (لەرزان) ڕەنگە بە چالاککردنی پرۆسەیەکی گرنگ لە مێشکدا، یارمەتیی پاراستن لە نەخۆشیی ئەلزایمەر بدات. زانایانی زانکۆی ئۆلۆ و نەخۆشخانەی زانکۆی ئۆلۆ لە فینلەندا بۆیان دەرکەوت کە لەرزینە سووک و ڕیتمییەکانی تەواوی جەستە، لەگەڵ کەمبوونەوەی کاتیی پەستانی خوێن، دەتوانن سیستەمی خۆپاککردنەوەی ناوخۆیی مێشک لە کاتی بەئاگابوونی کەسەکەدا چالاک بکەن.
ئەم دۆزینەوانە، کە لە گۆڤاری “نەیچەر کۆمیونیکەیشنز” بڵاوکرانەوە، ڕێگەیەکی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە دەمارە-تێکدەرەکان، پێش ئەوەی زیانە نەگەڕاوەکان ڕووبدەن، نیشان دەدەن. مێشک بە شێوەیەکی ئاسایی لە کاتی خەودا، پرۆتینە زیانبەخشەکان لە ڕێگەی تۆڕی گلیمفاتیکی خۆیەوە فڕێ دەدات. پڕۆفیسۆر ڤێسا کیڤینیمی، سەرۆکی گرووپی توێژینەوەی وێنەگرتنی دەماریی کارایی لە زانکۆی ئۆلۆ، گوتی ئەم توێژینەوەیە نیشان دەدات کە ئێستا دەتوانرێت ئەم پرۆسە گرنگە لە ماوەی ڕۆژدا بە شێوەیەکی دەستکرد هان بدرێت.
پڕۆفیسۆر کیڤینیمی گوتی: “تایبەتمەندیی نەخۆشیی ئەلزایمەر و زۆرێک لە نەخۆشییەکانی دیکە کە دەبنە هۆی خەمۆکی، کۆبوونەوەی وردە وردەی پرۆتینە زیانبەخشەکانە لە مێشکدا بە درێژایی دەیان ساڵ.” ئەو زیادیکرد: “ئێستا کە دەتوانین سیستەمی خۆپاککردنەوەی مێشک، کە بە تێپەڕبوونی تەمەن وردە وردە کاراییەکەی کەمدەبێتەوە، لە کاتێکدا کە کەسەکان هێشتا تەندروستن، بە شێوەیەکی سەلامەت بەهێز بکەین، ڕەنگە لە داهاتوودا بتوانرێت ڕێگری لەم نەخۆشییانە بکرێت یان لانیکەم خێرایی پێشکەوتنیان کەم بکرێتەوە.”
بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی ئایا دەتوانرێت ڕێگری لەم کۆبوونەوەیە بکرێت، ئەم گرووپە توێژینەوەییە فینلەندییە ڕێبازێکی دوو لایەنەیان لەسەر ٢٩ خۆبەخشی پێگەیشتووی تەندروست تاقیکردەوە کە لەسەر ئامێرێکی تایبەت بە دروستکردنی لەرزین لە حاڵەتی پشوودان دابوون. بەشداربووان دەرمانێکیان وەرگرت کە پەستانی خوێنی بە شێوەیەکی کاتی کەم دەکردەوە و باری ئاسایی خوێنهێنەرەکانی لە کاتی خەوتندا لاسایی دەکردەوە. هاوکات، جێگەکە لەرزینە ڕیتمییەکانی بە تەواوی جەستەدا دەگەیاند.
توێژەران بە بەکارهێنانی ئامێرەکانی پێشکەوتووی وێنەگرتنی ڕەنینەی موگناتیسی (MRI) گۆڕانکارییە کتوپڕەکانی سووڕی شلەکانیان لێکۆڵییەوە. وێنەگرتنی مێشک پشتڕاستی کردەوە کە پرۆتینەکان لە شانەی دەماری جیاکراونەتەوە و ڕاستەوخۆ گوازراونەتەوە بۆ خوێنهێنەرە گەورەکانی پشتی سەر. یۆهانا توونانن، توێژەری سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە، گوتی ئەم دەستێوەردانە دەرئەنجامەکانی بەدواوە بوو کە “تا ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی گۆڕانکارییە فیزۆلۆژییەکان بوون کە پێشتر لە کاتی خەودا بینراون.” توونانن گوتی: “دەرئەنجامەکان نیشان دەدەن کە پرۆتینە زیانبەخشەکان، بە بەراورد بە حاڵەتی ئاسایی، بە کاراییەکی زیاتر لە مێشک پاککراونەتەوە.”
پڕۆفیسۆر کیڤینیمی گوتی: “بۆ یەکەمجار، بەڵگەمان دەستکەوت کە نیشان دەدات پرۆتینە سەرچاوەگرتووەکانی مێشک ڕاستەوخۆ چوونەتە نێو خوێنهێنەرە گەورەکانی پشتی مێشکەوە.” ئەم گرووپە توێژینەوەییە هۆشداریی دا کە بۆ دیاریکردنی ماوەی مانەوەی کاریگەریی پاککردنەوە و دیاریکردنی خشتەی کاتیی گونجاوی چارەسەر، ئەنجامدانی توێژینەوەی کلینیکیی زیاتر پێویستە.

