بەپێی پێشبینییە کەشناسییەکان، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و سەرما هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەگرێتەوە و بۆ ماوەی نزیکەی یەک هەفتە بەردەوام دەبێت.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردەوە، دوای ماوەیەک لە سەقامگیریی کەشوهەوا، لە ڕۆژی ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ـەوە، کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکی قووڵی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور بە شێوەیەکی یەکگرتوو ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی ئەم شەپۆلەوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ناوچەکە دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە، هاوکات لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت. بەپێی پێشبینییەکان، کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە بۆ ماوەی یەک هەفتە بە شێوەی پچڕپچڕ بەردەوام دەبێت.

