وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ڕایدەگەیەنێت، لە کاتێکدا کەناڵەکانی گفتوگۆ لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق کراوەن، لێدوانەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جێگەی سەرسووڕمان و نیگەرانیی قووڵە، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە زمانی سەربازی بە تەواوی ڕەت دەکەنەوە و خزمەت بە سەقامگیریی وڵات ناکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی فەرمیی پێکهاتەکانی دەربڕی و ڕایگەیاند: “بونیادنانی عێراقێکی سەقامگیر بۆ هەموو پێکهاتەکان، پێویستی بە پابەندبوون بە دەستوور، بنەماکانی هاوبەشیی ڕاستەقینە و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان هەیە.”
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئاماژەی بەوەش دا، لەم قۆناغە هەستیارەدا یەکڕیزیی هەرێمی کوردستان و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی لەلایەن هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانەوە، تاکە ڕێگەی تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانە.

