ڕێبوار مستەفا کوردە ڕایدەگەیەنێت، کوردستان تەنها پارچە خاک و سنوور نییە، بەڵکو ناسنامە، بیرەوەریی نەتەوەیەک و بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی گەلێکە و وەک ئەمانەتێک لە ئەستۆی نەوەی ئێستادایە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
ڕێبوار مستەفا کوردە نووسەر لەگەرمیان بۆ ئاژانسی زاگرۆس گوتی:، ماف و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستووردا مسۆگەر کراون و بە خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی ئەنفال و زیندانیانی سیاسی بەدەست هاتوون، بۆیە هیچ دەسەڵاتێک بۆی نییە خۆی لە سەرووی دەستوورەوە ببینێت یان بە بڕیاری تاکلایەنە و لەسەر بنەمای میزاج و ویست هەوڵی کەمکردنەوەی ئەو مافانە بدات.
ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی داوای شەڕ و زیادەڕۆیی ناکەن، بەڵام لە پاراستنی دەسەڵات و کەرامەتی کوردستان پاشەکشە ناکەن و ڕێگە نادەن مافەکانیان بکرێنە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی و فکری شۆڤێنی، هاوکات زیادەڕۆیی و دەستدرێژیش بۆ سەر مافەکانیان قبوڵ ناکەن.
لە بەشێکی دیکەی دەڵێت، داوای لە هێزە سیاسییەکان کرد لە سنووری ناکۆکییە حیزبییەکان تێپەڕن و لەسەر بنەمایەکی نیشتمانی و نەتەوەیی یەکبگرن، چونکە بە بڕوای ئەو، لە کاتی هەڕەشەکردن لە مافە گشتییەکاندا ناکۆکیی ناوخۆیی سەرچاوەی هێز نییە، بەڵکو دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ ئەوانەی دەیانەوێت کوردستان بە لاوازی ببینن.
ڕێبوار مستەفا کوردە لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، پاراستنی کوردستان تەنها ئەرکی یەک حیزب نییە و بەرپرسیارێتیی هەموو ئەوانەیە کە ئەم خاکە بە ماڵی خۆیان دەزانن، بۆیە نابێت مافە بەدەستهاتووەکان بە بێدەنگی لەدەست بچن و دەبێت بە یەکگرتوویی بپارێزرێن و وەک ئەمانەت ڕادەستی نەوەکانی داهاتوو بکرێن.

