ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئه‌و میوانه‌ كامانه‌ن‌ زۆرترین و كه‌مترین رێژه‌ی شه‌كریان تێدایه‌؟

خواردنی میوه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی رێگه‌ی دروستی به‌ده‌ستهێنانی ڤیتامینه‌ هه‌مه‌جۆر و مادده‌كانی تری وه‌ك ئاسن و ریشاڵ و ئاو و ئه‌وانی ترن، به‌ڵام گرینگ و پێویسته‌ هاووڵاتییان بزانن ئه‌و میوانه‌ كامانه‌ن كه‌ زۆرترین و كه‌مترین رێژه‌ی شه‌كریان تێدایه‌.

ئه‌گه‌ر نه‌خۆشی شه‌كره‌ت هه‌یه‌ یاخود په‌یڕه‌وی سیسته‌مێكی خۆراكی ته‌ندروست و كه‌م شه‌كر و كاربۆهیدرات ده‌كه‌یت، پێویسته‌ بزانیت كامه‌ میوه‌ بۆ تۆ گونجاوه‌ و كامه‌شیان زیان بۆ تۆ هه‌یه‌.

ئه‌و میوانه‌ت بۆ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین كه‌ كه‌مترین رێژه‌ی شه‌كریان تێدایه‌ كه‌ بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌:-

شووتی:

شووتی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی 92%ی ئاوه‌ و كه‌مترین رێژه‌ی شه‌كر و كاربۆهیدراتی تێدایه‌، له‌ هه‌مان كاتیشدا ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ ڤیتامینه‌كانی (ئه‌ی و سی)، بۆیه‌ پێشنیاركردنی خواردنی دروست و ئاساییه‌.

كیوی:

له‌ هه‌ر كیوییه‌كدا ته‌نیا 7 گرام شه‌كر هه‌یه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كیوی یه‌كێكه‌ له‌و میوانه‌ی رێژه‌ی شه‌كر له‌ خوێن داده‌به‌زێنێ، جگه‌ له‌وه‌ش سه‌رچاوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی ریشاڵ و ڤیتامین سییه‌.

فڕاوله‌:

له‌ كۆی هه‌ر 8 فڕاوله‌دا ته‌نیا 8 گرام شه‌كر هه‌یه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ ڤیتامین سی و ریشاڵ، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك مادده‌ی به‌سوودی تێدایه‌ بۆ رێگریكردن له‌ شێرپه‌نجه‌ و ته‌ندروست هێشتنه‌وی دڵ.

پرته‌قاڵ:

هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكانێك هه‌ن ده‌ڵێن پرته‌قاڵ رێژه‌ی زۆری شه‌كری تێدایه‌، به‌ڵام‌ راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ر پرته‌قاڵێكی قه‌باره‌ مامناوه‌نددا ته‌نیا 12 گرام شه‌كر هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كی گونجاو و كه‌مه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پرته‌قاڵ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ ڤیتامینی سی و ریشاڵ و هه‌روه‌ها رێژه‌یه‌كی زۆر ئاوی تێیدایه‌ و وا ده‌كات له‌ش به‌ره‌ده‌وام به‌ شێداری بمێنێته‌وه‌.

خۆخ:

خۆخ تامێكی شیرین و خۆشی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی تامه‌كه‌ی له‌ هه‌ر خۆخێكی قه‌باره‌ مامناوه‌ند ته‌نیا 13 گرام شه‌كر هه‌یه‌، هه‌روه‌ها به‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌ستكه‌وتنی ڤیتامین سی و مادده‌ی پۆتاسیۆم و ئاو داده‌نرێت.

سێو:

هه‌ر سێوێكی قه‌باره‌ مامناوه‌ند له‌ 19 گرام شه‌كر پێكدێت، ئه‌م میوه‌یه‌ 86%ی ئاوه‌، هه‌روه‌ها خواردنی سێو هاوكار ده‌بێت بۆ خه‌وێكی خۆش و هه‌ستكردن كه‌م به‌ برسێتی.

ئه‌و میوانه‌شی رێژه‌ی شه‌كریان زۆر تێدایه‌ و ئامۆژگاریتان ده‌كه‌ین كه‌متر بیخۆن، بریتین له‌:-

خورما:

له‌ هه‌ر 100 گرام خورمادا 63 گرام شه‌كر هه‌یه‌‌، به‌ڵام ده‌بێت دان به‌وه‌ش دابنێین كه‌ سه‌ره‌ڕای زۆری رێژه‌ی شه‌كره‌كه‌ی، خورما چه‌ندان سوودی تریشی بۆ جه‌سته‌ هه‌یه‌.

گێلاس:

له‌ هه‌ر 100 گرام گێلاسدا 19.7 گرام شه‌كر هه‌یه‌‌.

ترێ:

له‌ هه‌ر 100 گرام ترێ 16 گرام شه‌كر و 74 كالۆری هه‌یه‌، بۆیه‌ ئامۆژگاریتان ده‌كه‌ین به‌ڕێژه‌یه‌كی كه‌متر بیخۆن.

مۆز:

هه‌رچه‌نده‌ مۆز رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ ڤیتامین و پۆتاسیۆم و مه‌گنیسیۆم و ریشاڵی تێدایه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا له‌ هه‌ر 100 گرامدا 15 گرامی شه‌كره‌، بۆ ئه‌وانه‌ی وه‌رزش ده‌كه‌ن ده‌توانن به‌ رێژه‌یه‌كی كه‌م بیخۆن.

هه‌نجیر:

هه‌رچه‌نده‌ هه‌نجیر له‌نێو كورد و میلـله‌تانی تری جیهان خواستی زۆری له‌سه‌ره‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش بزانن كه‌ له‌ هه‌ر 100 گرام هه‌نجیردا 14 گرام شه‌كر هه‌یه‌، كاتێكیش وشك ده‌كرێته‌وه‌ رێژه‌ی شه‌كره‌كه‌ی بۆ 48 گرام به‌رز ده‌بێته‌وه‌.

مانگۆ:

له‌ هه‌ر 100 گرام مانگۆ 14 گرام شه‌كر و 63 كالۆری هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتیشدا میوه‌یه‌كی به‌سووده‌ و رێژه‌یه‌كی باشی پۆتاسیۆمی تێدایه‌.

هەواڵی پەیوەندیدار

هۆكارە باوەكانی دروستبوونی كۆكە

lana

چۆن خۆت لە ئاوەڵەی مەیموون دەپارێزی

یاسین

ماڵپەڕی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس نوێدەكرێتەوە و بە ڤێرژنێكی پێشكەوتوو وەشانی دەست پێدەكات 7

hakar herki