دووەمین کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر گومرگ و خاڵە سنووریەکان بەڕێوەچوو و بڕیار دراوە هەماهەنگی بەردەوامی هەبێت تاوەكوو گەیشتن بە ڕێکەوتنی کۆتایی.
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، لە راگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە: “ڕۆژی دووشەممە 1ی تەمووزی 2024، دووەمین کۆبونەوەی لێژنەی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و چارەسەری کێشەکانی تایبەت بە خاڵە سنوورییەکان لە چوارچێوەی یاساو دەستوور لە نێوان هەردوولا بە سەرپەرشتی دکتۆر محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق بەڕێوەچوو.”
ئاماژە بەوەش كراوە: “لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووریی و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی کوردستان و لە حکوومەتی عێراقیش وەزیرانی ناوخۆ، داد، ئاوەدانکردنەوە، خوێندنی باڵا و بەرپرسانی دەستەی دەروازە سنووریەکان ئامادەی بوون.”
باسی ئەوەش كراوە كە: “گفتوگۆ لەسەر ئەو کێشە و گرفتانە کرا کە لە بواری گومرگ و خاڵە سنووریەکان لە نێوان هەردوولا هەن و جەخت لەسەر جێبەجێکردنی خاڵەکانی کۆنووسی کۆبوونەوەکانی ڕابردوو کرایەوە وەکوو نەخشە ڕێگەی چارەسەری کێشەکان.”
وەزارەتی دارایی روونیشی كردووەتەوە: “لە کۆبوونەوەکەدا شاندی هەردوولا هاوڕابوون کە یەک سیاسەتی گومرگی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت و هەماهەنگی زیاتر بکرێت بۆ پاراستی بەرهەمی ناوخۆ و جێبەجێکردنی ڕۆژنامەی کشتوکاڵی.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو: “بڕیارە هەماهەنگیی و کۆبوونەوەکان بەردەوامی هەبێت تاوەكوو گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.”
جێگەی باسە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 30/6/2024، شاندی هەرێمی کوردستان گەیشتنە شاری بەغدا و دەستیان بە كۆبوونەوەكانیان كردووە.