سەنتەری چارەسەری ئالوودەبوون لە عێراق ئاشکرای دەکات لە ماوەی شەش مانگدا 700 حاڵەتی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکانیان پێگەیشتووە، هاوکات داوا لە حکومەتی عێراق دەکات سنوورەکان زیاتر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کۆنتڕۆڵ بکات.
سەرۆکی سەنتەرەکە ئیناس کەریم، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنیانەی کە وەزارەتی ناوخۆ بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی ماددە هۆشبەرەکان ئەنجامی دەدەن گرنگن،
ئاماژەی بەوەشکرد، “عێراق ئەمڕۆ پێویستی بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە، کە بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەری تێدا دەچێتە ژوورەوە، ئەمە جگە لەوەی پێویستی بە دابینکردنی ئامێری پێشکەوتووی دۆزینەوەی ماددە هۆشبەرەکان هەیە”، دەشڵێت، “پێوەری سەرکەوتنی دەسەڵاتداران لە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ژمارەی دەستگیرکراوەکاندا نییە، بەڵکو لە ژمارەی ئالوودەبوواندایە.”
ڕاشیگەیاند٫ “ئێمە بابەتەکە بە ژمارەی کەسانی دەستگیرکراو ناپێوین، بەڵکو بە ژمارەی قوربانییەکانیان لەنێو بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکاندا دەپێوین کە لەلایەن سەنتەرەکەمانەوە وەرگیراون”، گوتیشی، “سەنتەری چارەسەرکردنی ئالوودەبوون لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی 700 حاڵەتی وەرگرتووە، لەنێویاندا 45 کچ، کە ژمارەیەکی زۆر زۆرە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.
یەکەی دژە ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆ لە کۆتایی ساڵی 2021 ڕایگەیاند، کە پارێزگاکانی بەسرە و میسان لە پێشەنگی پارێزگاکانی وڵاتەکەدان لە ڕووی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە.