ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

به‌تۆمه‌تی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی كچانی ئێزدی، سزای له‌ سێداره‌دان بۆ ھاوسەری ئەبو بەکر بەغداد ده‌رچوو

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند کە سزای لەسێدارەدان بۆ ھاوسەری تاوانباری تیرۆریست ئەبو بەکر بەغدادی، بەتاوانی کارکردن لەگەڵ تیرۆیستانی داعش و دەستبەسەرکردنی ئافرەت و کچانی ئێزدی لە ماڵەکەیدا، دەرکراوە.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دادگای تاوانەکانی کەرخ، سزای لەسێدارەدانی بۆ ھاوسەری تاوانباری تیرۆریست ئەبو بەکر بەغدادی دەرکردووە.

ڕاشیگەیاندووە: “پێشتر ھاوسەرەکەی تاوانباری تیرۆریست ئەبو بەکر بەغدادی، ئەو ئافرەت و کچە ئێزدییانەی کە لە قەزای شنگال ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێندراون لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرى کردوون“.

باسی لەوەشکردووە کە سزاکە، پشت بەستن بە بڕگەکانی ماددەی چواری تیرۆر ژمارە ١٣ بۆ ساڵی ٢٠٠٥ و ماددەی حەوت لە یاسای ڕزگاربووانی ئافرەتان و کچانی ئێزدی دەستی داعش ژمارە ھەشت بۆ ساڵی ٢٠٢١ دەرکراوە.

رۆژی سێی ئابی ٢٠١٤دا، تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتی ئێزدی کوژران و برینداربوون، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆری دیکەیش ئاوارەبوون، ئەمە وێڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەت و کچانی ئێزدی ڕفێندران کە تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریان نادیارە.

سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا، لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە پارێزگای ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا کوژرا.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەغدا.. دەیان ملیۆن دینار لە دەرمانخانەیەک دەدزرێت

سەڵاح

ئێران… لە ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووریدا 14 کەس گیان لەدەستدەدەن و سه‌دانیش بریندار دەبن

سەڵاح

خۆپیشاندان لە عێراق سەر هەڵدەدەنەوە

سەڵاح