ئەمڕۆ شەممە، 13-07-2024، بە چاودێریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد نوێنەری سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ و ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و محمەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و گوهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حوسێن بن عەلی کونسوڵی گشتیی وڵاتی قەتەر و کونسوڵی گشتیی و نوێنەری وڵاتان و بەرپرسانی حکوومەتیی لە هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی دەرچوونی چوار هەزار و 200 گەنج لە “خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجان” و واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ قەتەر فاوەندەیشن بەڕێوەچوو.
خولەکە، لەلایەن نووسینگەی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کراوە و لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ڕاهێنان بە چوار هەزار و 200 گەنجی شارەکانی هەرێمی کوردستان و تاراوگە کراوە. ئامانج لە خولەکە، پەروەردەکردنی گەنجان و بەهێزکردنی هەستە نەتەوایەتییەکەیانە.
لە ڕێوڕەسمەکە پشتگیری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی بۆ گەنجان و لاوانی وڵات دووپاتکرایەوە.
جەخت لە پەرەپێدانی بەهرە و تواناکانی گەنجان و لاوان وەک هێز و توانای مرۆیی وڵات کرایەوە.