سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار ڕایدەگەیەنێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی تەممووزی 2024، دەوروبەری بنکەی عەین ئەسەد بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج.
ئەو سەرچاوە ئەمنییە بە ئاژانسی (بەغدا ئەلیەوم) ڕایگەیاند، “بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەوروبەری بنکەی (عەین ئەسەد)ی سوپای عێراقیان لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار کردە ئامانج، کە ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەخۆ دەگرێت، بە تایبەتی ئەمریکییەکان.”
ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئێستا نازانرێت درۆنەكان لە كوێوە ئاراستە كراون و هاتوون، زیانەكانیش نەزانراون.
جێی باسە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر لێدوانێكی هادی عامری، سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر، لەبارەی دەرچوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی ئەمریكا بڵاو بووەوە، كە شەش مانگی وەك مۆڵەت بە حكوومەتی فیدراڵی دابوو بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی، زۆر كەس دوای ئەم لێدوانە، باسیان لە ئەگەری دەستپێكردنەوەی هێرشی گرووپە چەكدارەكان بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان كرد.
ئەمە لە كاتێكدایە، چەند مانگێكە میلیشیاكان هێرشەكانیان بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی هاوپەیمانان ڕاگرتبوو، ئەویش پاش ئەوەی، چەند جارێك لەلایەن ئەمریكاوە بە توندی هێرش كرایە سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی و چەند فەرماندەیەكیشیان كرانە ئامانجی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا