ئەکتەری جیهانی، جۆن ترافۆلتا، خەڵاتی “تەمەنێک دەستکەوت” لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٤٤ـەمین فێستیڤاڵی سینەمایی تۆرینۆ لە ئیتاڵیا وەردەگرێت، کە بڕیارە لەنێوان ٢٤ـی تشرینی دووەم تا ٢ـی کانونی یەکەمی داهاتوو لە تۆرینۆ بەڕێوەبچێت.
ئەم ڕێزلێنانە بۆ ئەو بەرهەمە سینەماییە بەپێزانە و بەشدارییە گرنگانەی ترافۆلتایە کە لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا پێشکەشی پیشەسازی سینەمای کردووە.
لەنێو بەرنامەی فێستیڤاڵەکەدا، دووەم نمایشی نێودەوڵەتی فیلمی “Propeller One-Way Night Coach” بەڕێوەدەچێت، کە یەکەم ئەزموونی دەرهێنانی جۆن ترافۆلتایە. ئەم فیلمە پێشتر لە مانگی ئایاری ڕابردوودا لە دەرەوەی کێبڕکێی فەرمی فێستیڤاڵی سینەمایی کان نمایشکرابوو.
تێکەڵکردنی ئەم بەرهەمە لە فێستیڤاڵی تۆرینۆدا وەک رێزێک دەبێت لە ئەزموونە نوێیەکەی ترافۆلتا لە پشتی کامێراوە، شانبەشانی ڕێزلێنان لە مێژووی پرشنگداری لەبەردەم کامێرادا.
جولیۆ باسی، بەڕێوەبەری هونەری فێستیڤاڵی سینەمایی تۆرینۆ، ستایشی ڕۆڵ و بەرهەمەکانی ترافۆلتای کرد و ڕایگەیاند، ئەو کەسایەتییانەی ترافۆلتا لەسەر شاشە بەرجەستەی کردوون، سنووری فیلمەکانیان بڕیوە و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕەفتار، شێوازی قژ، ئاماژەکان و تەنانەت ڕێکردنی جەماوەر بەجێهێشتووە.
گوتیشی، ترافۆلتا توانیویەتی گوزارشت لە هیوا و ئارەزووەکانی چەندین نەوەی جیاواز بکات و بە سەرکەوتوویی لەنێوان سەردەم و ژانرە سینەماییە جیاوازەکاندا هاتوچۆ بکات، ئەمەش سەلمێنەری تێکەڵبوونی بەهرەی هونەری و پێگەی بەرزێتی لەنێو ئەستێرەکانی سینەمای جیهانیدا.
ئیدارەی فێستیڤاڵی تۆرینۆ ئاماژەی بەوەش کرد، کارنامەی هونەری جۆن ترافۆلتا کۆمەڵێک لە شاكارە دیارەکانی مێژووی نوێی هۆڵیوود لەخۆدەگرێت، لەوانە فیلمەکانی: Saturday Night Fever, Grease, Urban Cowboy, Pulp Fiction, Get Shorty, Face/Off, و Hairspray.
فێستیڤاڵی سینەمایی تۆرینۆ بە یەکێک لە دیارترین چالاکییە سینەماییەکانی ئیتاڵیا ئەژمار دەکرێت، کە گرنگییەکی تایبەت بە بەرهەمی دەرهێنەرە گەنجەکان و سینەمای سەربەخۆ دەدات، جگه لە ڕێکخستنی نمایشی تایبەت و ڕێزلێنان بۆ ناودارترین کەسایەتییەکانی جیهانی فیلمسازیدا.

