بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، کە لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕەوە تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی لەچەند ئافرەتێک كردبوو.
بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: دوای ئەوەی لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕەوە چاودێری خرایە سەر كەسێك بەگومانی ئەوەی كە لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی تایبەتی لە ئافرەتان دەكات، پاش لێكۆڵینەوەكان و تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەلایەن یەکێک لەژنەکانەوە كە لەبەرامبەر پێدانی بڕێك پارە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی تایبەتی لێكردووە، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت، هەروەها دەستیشگیرا بەسەر موبایلی تایبەتی تۆمەتباردا.
هەروەها بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی بۆ ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە لەئێستادا تۆمەتبار (م، ع، س) لەدایكبووی 1974 بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 2 لەیاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیکردن ڕاگیراوەو دانی ناوە بەوەدا کە لەژێر ناوی ئەنجامدانی هاوسەرگیریی پەیوەندی لەگەڵ چەند ئافرەتێک دروستكردووە و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی تایبەتی لێكردون، ئەگەر پارە و ئاڵتونی نەدەنێ.
رێباز یونس