وەزارەتی دارایی ئاشکرای دەکات، لیستی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تەواو بووە و بۆ بەغدا دەنێردرێ.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: “مانگانە ئەو لیستی مووچەیەی، كە بۆ دارایی فیدراڵ دەنێردرێت، پێکهاتووە لە لیستی مووچە بە (سی دی) و (کاغەز)، لیستەكە بە سیدی ئامادەیە و دارایی عێراق جارێ گوتیان کاغەزیان ناوێ.”
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، چەند وەزارەتێک مابوون، ئەوانیش تاواو کران، گوتیشی: “لەم چەند ڕۆژەدا لیستەکە ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی دارایی فیدڕاڵی دەکرێ.”
باسی لەوەش کرد، لە دارایی عێراق داوایان لێ کراوە زوو لیستەکەیان بۆ بنێرن.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتەكان ئاگادار كراونەتەوە، كە پێش 10ی هەموو مانگێك لیستی مووچەیان ئامادە بێت و دەبێ بۆ دارایی بنێرن.
پێشتر د. محەمەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی له دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندبوو: “مانگانە لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران و هێزە ئەمنییەکان لای ئێمە وردبین دەکرێت و پاشان بۆ بەغدا دەنێردرێ.”
له ڕۆژی 21ی7ی2024وە لیستی مووچەی مانگی حەوت بۆ دارایی فیدڕاڵی نێردراوە، وێڕای چەندجار بەڵێنی وەزیری دارایی عێراق، بەڵام تاوەکوو ئێستا مووچەی مانگی حەوت لەلایەن بەغداوە نەنێردراوە.
شوان بەرزنجی