ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پارێزگاری هەولێر: زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتى سنوورى هەولێر، لە بڕیارێکی مەسرور بارزانی سوودمەند بوونە

لە ڕێوڕەسمێكدا قۆناغی دووەمی دابەشكردنی 100 ڕێگەپێدانی دروستكردنی خانوو لەسەر زەویی سندووقی بە خاوەنەكانیان بەڕێوەچوو، كە تێیدا پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: ئەوە دیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لەپێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەركردنی گرفتی زەوییە سندووقییەكان.

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 4ی 9ی 2024، پارێزگای هەولێر بە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە، كە “دوا بە دواى فەرمان و ڕەزامەندى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقییەکان لە بەرژەوەندى هەژاران و کەمدەرامەتان، لەژێر چاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى مەریوان هادى، بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکانى هەولێر و برزۆ زیاد، بەڕێوەبەرى خانووبەرەى میرىی پارێزگاى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا لە دیوانى پارێزگا، دەستکرا بە قۆناغى دووەمى دابەشکردنى (100) ڕێگەپێدانى دروستکردنى خانوو لە سەر زەوی سندووقی بە خاوەنەکانیان.”

ئەوەش هاتووە، كە لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، گوتی: “بە سوپاسەوە بۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانى، کە وەک هەمیشە ئێمەى لە تیمى حکوومەت ڕادەسپاردووە لە خزمەت ئەو شوێن و جێگایانە دابین، کە خزمەتگوزارى پێویستیان بگاتێ و ئاوڕیش لەو کەسانە بدەینەوە، کە پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوە هەیە، پیرۆزبایی لە خاوەنى زەویی سندووقی دەکەین، ئەوە دیارى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستانە، لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقییەکان لە بەرژەوەندى هەژاران و کەمدەرامەتان و پڕوسەکەش بەردەوامى دەبێت.”

باسی لەوەش كردووە، كە پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاندووە: “ئەو هاووڵاتیانەی، کە سوودمەندبوونە لەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەتى هەرێمى کوردستان، سەبارەت بە زەویی سندووقی 2 هەزار و 292 هاووڵاتی بوونە و مامەڵەکانیان تەواو بووە، کە بەشێکیان دەستیان بە دروستکردنی خانووەکانیشیان کردووە و ڕەنگە بەشێکیان لەناو خانووەکانیاندا بن، بە ناوى حکومەتى هەرێمى کوردستان پیرۆزباییان لێدەکەین و دووپات لە سەر ئەو پرەنسیپانە بنەڕەتیانە دەکەینەوە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتکاری خەڵکی کوردستانە و هەرچی پێویست بکات بەتایبەتی بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دەیکەین.”

باسی لەوەش کرد، “بەپێی ئەو ڕێنماییانەی، کە هەبوو دەبوو ئەو پرۆسەیە لە 1ی 9ی 2024، کۆتایی پێ هاتبایە، بەڵام لە پێناو زەمینە خۆشکردن بۆ ئەو کەسانەی، کە هێشتا دەستیان بە مامەڵەکانیان نەکردووە، بڕیارەکە تاوەکوو 1ی 12ی 2024 درێژ کرایەوە، بۆیە هیوادارین ئەو هاووڵاتیانەی زەوی سندووقیان ماوە، لەو ماوەیەدا دەست بە مامەڵەکانیان بکەن، تاوەکوو کارەکانیان تەواو بێت و سوود لەو بڕیارە وەرگرن.”

سەبارەت بەوانەی خانووی زێدەڕۆیشیان هەیە و دەیانەوێت نۆژەنی بکەنەوە، پارێزگاری هەولێر ئاماژەى بەوەدا، “لە چوارچێوەی ئەو ڕێنماییانە ڕێگەیان پێدراوە، تاوەکوو ئێستا 539 هاووڵاتی سوودمەند بوونە، هەروەها فراوان کردنی حەرەمی گوند و ڕێگە پێدان لە حەرەمی گوند، تا ئێستا 2 هەزار و 438 کەس تێیدا سوودمەند بووە و ڕێگەیان پێدراوە خانوو دروست بکەن.”

پارێزگاری هەولێر ڕوونیشی كردەوە، كە “زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی هەژار و کەمدەرامەتی سنووری پارێزگاى هەولێر، سوودیان لەوسێ بوارە وەرگرتووە، (ڕێگەپێدانی دروستكردنى خانوو لە زەویی سندووقی، دروستکردنی خانوو لە حەرەمی گوند، نۆژەنکردنەوە)، هەموو ئەوانەش بەئامانجى نەمانی قەیرانی نیشتەجێبوونە و ئومێد دەکەین هیچ هاووڵاتییەکى کرێنشین لە شارەکەمان نەمێنێ و هەموو کەس ببێتە خاوەنى خانووى خۆى، ئێوەش دەتوانن لەمڕۆوە دەست بە دروستکردنى خانووەکانتان بکەن.”

لە كۆتایی هەواڵەكەی پارێزگای هەولێر ئەوەش باس كراوە، كە “پڕۆسەى تەملیککردن و ڕێگەپێدانى خانوو دروستکردن لەسەر ئەرزى سندووقى ئه‌و زه‌ویانه‌ى، كه‌ له‌ دوو لاوه‌ بەزێدەڕۆیی خانووی تێدا دروستكراوه‌ و پێشتر كڕین و فرۆشتنیان پێكراوه‌، بە بڕیارى سەرۆکى حكوومه‌تی هه‌رێمى کوردستان وه‌ك كارئاسانی بۆ هاووڵاتیانى کەم دەرامەت و لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون دواى یەکلایی بوونەوەى مامەڵەکانیان لە وردبینى و بەدواداچوون، بەپێى ئەو مەرجانەى دەستنیشانکراوە ڕێگەپێدانى دروستکردنى خانوویان پێدەدرێت و دەتوانن خانووەکانیش لەسەر ناوى خۆیان تاپۆ بکەن، کە زۆربه‌یان کەوتوونەتە شاره‌وانییه‌كانی ده‌ورووبه‌ری هه‌ولێر، ئەمڕۆش قۆناغى دووەمى ئەو پڕۆسەیە لە دیوانى پارێزگا دەستى پێکرد و پڕۆسەکەش بەردەوامى دەبێت بۆ هەموو ئەو هاووڵاتیانەى، کە خاوەنى زەوی سندووقین و لە ماوەى ڕابردوودا داواکارییان پێشکەش کردووە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمەریکایی: لە سوریا به‌ درۆن هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر هێزه‌كانمان

سەڵاح

ئیسرائیل پلانی زیارەتکردنی جووەکان بۆ مزگەوتی ئەقسای پەسەند کرد

یاسین

ئه‌مه‌ریكا: لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل کار لەسەر وەڵامدانەوەی ئێران ده‌كه‌ین

سەڵاح