ڕۆژی دووشەممە 23ی ئەیلوولی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی نەرویج کرد کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان ئەسمۆند ئوکروست و مانی حوسەینی پەرلمانتارانی نەرویج لە پارتی کاری نەرویجی.
لە دیدارەکەدا شاندی پەرلەمانی نەرویج ئامانجی سەردانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو و باسیان لە ئەو ڕۆڵە کرد کە وڵاتەکەیان لە شەڕی دژی تیرۆر و هەروەها کاروباری هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچەکانی کوردستان و یارمەتیدانی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان کرد. شاندی میوان جەختیان لە دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان گەلی نەرویج و گەلی کوردستان کردەوە و ڕاشیانگەیاند وڵاتەکەیان پشتیوانی لە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکات.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی نەرویجی کرد کە لە شەڕی تیرۆریستاندا یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان داوە و ڕۆڵی بەرچاوی حکوومەتی نەرویجی لە یارمەتیدانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە کوردستان بەرز نرخاند.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئۆکتۆبەری داهاتوو تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.