سەرچاوەیەک لە پۆلیسی بەغدا ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی ئەیلوولی 2024، لە بارەگای کۆمپانیایەکی چینی لە ناوچەی ئەلمەنسووڕ لە بەغدا، لەلایەن ژمارەیەك چەکدارەوە، نزیكەی 500 ملیۆن دینار دزراوە.
ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان لە دزینی ئەو بڕە پارەیە ئاگادار كراونەتەوە، كە لەلایەن ژمارەیەك چەكدار لە ناوچەی ئەلمەنسووڕ لە شەقامی (ئەلئەمیرات) لە ڕۆژئاوای بەغدا ئەنجام دراوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەپێی گوتەی خاوەنی ئەو خانووەی كە وەكوو بارەگای کۆمپانیای (پاوەر چاینا)ی چینی بەکار دەهێنرێت و خۆی وەك بەڕێوەبەری لقی عێراق كاری تیادا دەكات، بڕی 300 – 500 ملیۆن دینار لەگەڵ چەکێکی جۆری M4 و ویلی ئوتومبێلێكی کادیلاک لەلایەن ئەو چەكدارانەوە دزراوە.
سەرچاوەکە دەڵێت: ”بۆ دیاریکردنی چۆنیەتیی دزییەكە لێکۆڵینەوە دەستی پێكردووە و تەماشای کامێراکانی بارەگای كۆمانیا چینییەكە کراوە.“
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان، ئەمە دووەم رووداوی دزییە لەڕێی گرووپی چەکدارییەوە کە لە ماوەی چەند سەعاتێكی كەمدا لە بەغدا ڕووی داوە، بەو پێیەی شۆفێرێكیش كە بڕێكی زۆر پارەی پێ بووە، لەسەر شەقامی (قەنات ئەلجەیش) هەر لە بەغدا لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە دزیی لێ كراوە.
لەبارەی ئەم رووداوەوە، ئاژانسە عێراقییەكە ئاشكرای كردووە، لە شەقامی قەنات ئەلجەیش گرووپێکی چەکدار ڕێگرییان له شوفێری ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی کردووه و ڕایانگرتووه، دوای ئەوەی شۆفێرەكە ویستوویەتی رابكات، چەکدارەکان تەقەیان لێی کردووه و بڕی 32 ملیۆن دیناریان لە ساندووە.