ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

نیویۆرک… سودانی له‌گه‌ڵ گوتیرێس چه‌ند ته‌وه‌رێكیان تاوتوێكرد

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ٧٩ھەمینی خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتیرێس کۆبووەتەوە.

ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان خراوەتە بەرباس، ھەروەھا پێشھاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەروەھا بەردەوامی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان و ھەڕەشەکانی سەر ئاسایش و سەقامگیریی سەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی تاوتوێ کراون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە محەمەد شیاع سوودانی ھەروەھا دووبارە پێزانینی عێراقی دەربڕیوە بۆ ھاوکاریکردن و پشتیوانی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەمەبەستی چەسپاندنی سەقامگیری لە عێراق و پشتیوانیکردنی عێراقییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و پتەوکردنی ئەو سەرکەوتنانەی کە بە پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە عێراق بەدەستھاتوون.

ھەروەھا ئاماژەی بەوەشداوە کە ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی بانگھێشتانەمەیەکی پێشکەش بە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بكات بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی عەرەبی کە بڕیارە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ لە بەغدا، ئەنجام بدرێت.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لای خۆیەوە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لە کۆبوونەوەکەدا، ستایشی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە و ڕایگەیاندووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بایەخ بە پتەوکردنی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و بەدیھێنانی گەشەپێدانی بەردەوام بۆ گەلی عێراق دەدات، ھەروەھا پێزانینی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەو گفتوگۆ بنیاتنەرانەی کە بوونە ھۆی کۆتاییھێنان بە کارەکانی نێردەی (یونامی) لە عێراق و کردنەوەی دەرفەتی ھاوکاری لە چەندین بواردا لەگەڵ ئاژانسە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە گرنگترینیان پشتیوانیکردنی عێراقە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگییەکانی گۆڕانی ئاووھەوا و ئاستەنگەکانی دیکەی ئابووری و پرۆگرامەکانی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری کە عێراق پێشکەوتنی گرنگی تیایدا بەدەستھێناوە.

 

AA

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕاگەیەندراوێک لە سەرۆکی حکومەتی هەريمی کوردستانەوە

یاسین

گه‌وره‌ترین پۆند له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كرێت

یاسین

ئوستورالیا داوای لە هاووڵاتیانی کرد ئێران جێبهێڵن

سەڵاح