پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەی قیڕتاوکردنی شەقامى 60 مەترى گەڕەکی فەرمانبەرانی بەسەرکردەوە، کە بەگوژمەی زیاتر لە (1 ملیار دینار) دەستى پێکراوە.
ئەمڕۆ شەممە 2024.10.12، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و کارزان هادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و نیاز ساڵح، بەڕێوەبەرى شارەوانى چوار و زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوە چوونى کارەکان، پڕۆژەى قیڕتاوکردنی شەقامى 60 مەترى گەڕەکی فەرمانبەرانى بەسەرکردەوە، کە بە گوژمەى ( 1 ملیار و 237 ملیۆن و 350 هەزار دینار ) لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر، دەست بە جێبەجێکردنى کراوە و لە ئێستادا لە قۆناغی کۆتاییدایە.
پارێزگارى هەولێر، دواى ئەوەى لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی پڕۆژەکە کرد، دەستخۆشى لە تیمی ئەندازیارى و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە کرد و پیرۆزبایی لە دانیشتوانى گەڕەکەکە کرد بۆ ئەنجامدانى ئەم پڕۆژەیە کە خواست و ویستى دانیشتوانەکەى بوو.
جێگەى باسە، شەقامى 60 مهترى گەڕەکی فەرمانبەران کە هەردوو شەقامى سەرەکى 120 مەترى خێرا و شەقامی کەندی کۆرنیش بەیەکەوە دەبەستێتەوە، درێژی شەقامەکە 2400 مەتر دووجایە و بە بڕی 69,000 مهتر2 قیڕتاو دەکرێت، یەکێکە لە شەقامە گرنگەکانى ئەو گەڕەکە و بەتەواوبوونى ئاسانکارییەکى زۆر پێشکەش بە هاوڵاتییان دەکات و دانیشتوانى ناوچەکەش سوودێکى زۆرى لێدەبێنن و ئێستاش لە قۆناغی کۆتاییدایە.