ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

مەسرور بارزانی: دەمانەوێت پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت بگەیەنینە هەموو گوند و شارۆچکەکان

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەرنامەی حکوومەت ئەوە بووە کە گرنگی تەنیا بە سەنتەری شارە گەورەکان و پارێزگاکان نەدرێت، بەڵکوو کار و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەیەنێتە هەموو گوند و شارۆچکەکانیش بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییانی کوردستان سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی 21 پرۆژەی خزمەتگوزاریی تایبەت بە قیرتاوکردنی جادە و شەقام، دروستکردنی پرد، ئاو و ئاوەڕۆ، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر دانا.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئەم پرۆژانە خزمەت و ئاسانکارییەکی باش بە هاووڵاتییانی گوند و شارۆچکەکانی دەڤەرەکە دەکەن و بەرنامەی حکوومەتیش ئەوە بووە کە گرنگی تەنیا بە سەنتەری شارە گەورەکان و پارێزگاکان نەدرێت، بەڵکوو کار و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەیەنێتە هەموو گوند و شارۆچکەکانیش بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییانی کوردستان سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

هاوکات لەبارەی دەڤەری بارزانەوە، دەڵێت: “بارزان دەڤەرێکی ستراتیجییە و مەڵبەندی سەرەکیی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کوردستان بووە و لە 120 ساڵی ڕابردوودا، ئەم دەڤەرە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستانی کردووە و دەسکەوتی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان بەدەسهێناوە. بۆیە دوژمنانی کوردستان هەمیشە دژایەتیی بارزان و خەڵکی دەڤەری بازرانیان کردووە، چونکە خەڵکی ئەم دەڤەرە هیچ جارێک سەری خۆیان بۆ دوژمن شۆڕ نەکردووە.”

مەسرور بارزانی، گوتیشی: “لە ئەنجامی شەڕەکانیشدا، چەندیان جار گوندەکانی دەڤەرەکە سووتێنراون و وێرانکراون، بەڵام هەمیشە خەڵکی ئەم دەڤەرە بە باوەڕبوون بە خوا، گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان و دەڤەرەکەیان لە جاران ئاوەدانترکردووەتەوە، هیوادارم دوژمنان هیچ کاتێک نەتوانن ئەم دەڤەرە و هیچ شوێنێکی کوردستان داگیر بکەن. ئەوانەی خەونیشیان بە تێکدانی بارزان یان شۆڕشی کوردستان بینیبێت ئێستا لە گۆڕدان. بۆیە بە پشتیوانی خوای مەزن، کوردستان و بارزان هەمیشە سەربڵند و پارێزراو دەبن و ئێمەش بەردەوام دەبین لە بەرنامەکانمان بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەموو گوندەکانی کوردستان.”

جەختی لەوە کردەوە، ئامانجێکی دیکەی حکوومەت پێشخستنی باری ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ دانیشتووانی گوندەکان لە ڕێگەی پڕۆژەی بچووک و مامناوەند وەکوو دروستکردنی کارگەی پێویست لەم دەڤەرانە، کە لەلایەک دەبێتە زیاتربوونی داهاتی خەڵک و لەلایەکی دیکەش داهاتی گشتیش زیاتر دەبێت.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کرد و گوتی: ئەمڕۆ ساڵیادی خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەرە، کە لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا، خیانەتێکی گەورە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی شاری کەرکووکی دڵی کوردستان کرا، سوپاس بۆ خوا و پشتیوانی میللەتەکەمان، پلانی نەیاران و دوژمنان سەری نەگرت کە دەیانویست هەموو کوردستان داگیر بکەن، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکان بەرگرییان لە کوردستان کرد و نەیانهێشت پیلانەکانی ئەوان سەربگرێت. ئەوەی گرنگە، خەڵکی ئێمە ئەم خیانەتە مەزنە لە بیر نەکەن و دەبێ بە ئیرادە و بڕیاری خۆیان، سنوورێک بۆ خیانەتکاران دابنێن بۆ ئەوەی چیتر خیانەت بەردەوام نەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی دەکات

یاسین

چاودێریی دارایی عێراق؛ لە مانگی داهاتوو لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویستی بە وردبینی نابێت

سەڵاح

ڕاگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە

یاسین