شاندێکی باڵای کۆلێژی حەڕبی عێراق بە سەرۆکایەتی لیوا ڕوکن سائیب ئەحمەد ڕاگری کۆلێژی حەرب و دەستەی کۆلێژ و قوتابیانی خولی 27ی کۆلێژەکە سەردانی بارەگای فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانیان لە هەولێر کرد.
شاندەکە لەلایەن فەریق عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی فەرماندەیی و ئەفسەرانی زێرەڤانییەوە پێشوازییان لێ کرا.
ئامانجی سەردانی شاندەکە، ئاشنابوون بوو بە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی و بەش و یەکە جۆراوجۆرەکانی، هەر لەم چوارچێوەیەدا لیوا سالار تەیموور، بەرپرسی عەمەلیات چەند زانیارییەکی لەسەر شاشە خستە ڕوو، هاوکات فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریش کە گوزارشت لە سەرجەم چالاکییەکانی فەرماندەیی زێرەڤانی دەکات پێشکەش کرا،هەروەها شاندەکەش چەند زانیارییەکیان بۆ ئاشنابوون بە کۆلێژی حەڕب پێشکەش کرد،
لەمیانەدا هەردوولا گفتوگۆیان سەبارەت بە چۆنیەتی بەیەکەوە کارکردن و هاوکاریی یەکتر و بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی نێوانیان کرد.
شاندی میوان سەرسامیی خۆیان بەرامبەر بە تۆکمەیی لەشکری کوردستان بەگشتی و هێزەکانی زێرەڤانی و پێشکەوتنەکانی بەتایبەتی دەربڕی و وەک هێزێکی نموونەیی وەسفیان کرد
لەمیانەدا شاندەکە خەڵات و ڕێزلێنانی تایبەتیان پێشکەش بە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی کرد ، لەبەرامبەریشدا فەریق عەزیز وەیسی، کتێبی بۆ مێژووی سەرۆک بارزانی بە وەرگێڕانی زمانی عەڕەبی پێشکەش بە سەرۆک و ئەندامانی شاندەکە کرد.