ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ڕێبەر ئەحمەد لە مێپس: یەکەم جار پێشمەرگە داعشی وەستاند

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پانێلی یەکەمی دووەم ڕۆژی پێنجەمین کۆڕبەندی مێپس24 لە دهۆک، ڕایگەیاند “پێش ساڵی 2014، لەگەڵ سەرۆک وەزیران لە ئەنجوومەنی ئاسایش کارمان بۆ ئاسایشی نیشتیمانی دەکرد، ئەوکاتە زانیاریمان هەبوو کە داعش و قاعیدە لە سووریا و سنوورەکانی ئێمە زۆر چالاک بوونە؛ ئەو کاتەی هاتنە عێراق، بیرمە سەرۆک بارزانی نامەیەکی دایە سەرکردەکانی عێراق لە بەغدا و گوتی: ڕەوشەکە لە نەینەوا و بەغدا لە ژێر کۆنترۆڵدا نییە، بەڵام بەداخەوە نامە و ئاماژەکەیان بەجیددی وەرنەگرت.”
گوتیشی: “ئێمە بینیمان شار دوای شار دەکەوت و دەکەوتنە ژێر کۆنترۆڵی داعشەوە، لەوکاتەدا داعش دەیویست ناوچەکانیان فراوان بکەن، هەروەها کە سەلاحەددین و فەلوجە و ئەنباریان کۆنترۆڵ کردوو و هاتنە دەورووبەری بەغدا و پاشان ویستیان هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام سوپاس بۆ خوا، دواتر سوپاس بۆ خەڵک و پێشمەرگە و سەرکردایەتیی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی و سەرۆک وەزیران کە ئەوکات کاراکتەرێکی سەرەکی بوون، لە بەرانبەر داعش وەستانەوە.”
باسی لەوەش کرد “لەوکاتەدا هێزەکانی هاوپەیمانان پێک هات کە 18 وڵات هاتنە ناو هاوپەیمانییەکە، ئەو کات بە هەموومان، واتە پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانان ڕووبەڕووی داعش بووینەوە، ئەوکات ئاسانیش نەبوو چونکە پێنج یەکەی سوپای عێراق کەوتبوون و چەکەکانیشیان کەوتبوونە دەستی داعش.”
دەشڵێت “لە ماوەی ڕابردوودا دوو لیوای هاوبەشمان لە پێشمەرگە و سوپای عێراق پێک هێنا و هەروەها کاری باشمان کردووە و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیشمان کردووە لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنیان تێدایە.”
ئاماژەی بەوەش کرد “لە باشووری کەرکووک بۆشایی ئەمنیی زۆر هەیە لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە، ئەو ئاماژانەش ئەوەمان پێ دەڵێت، کە دەبێت هەماهەنگیی هەبێت لە نێوان هەرێم و بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. دەشبێت جارێکی دیکە پەیوەندییەکانمان ڕێک بخەینەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ناتوانین بەتەنیا ڕووبەڕووی تیرۆر ببینەوە، چونکە تیرۆر تەنیا لە عێراق نییە، بەڵکو لە سووریا و هەندێک وڵاتی دیکەش هەیە.”
باسی لەوەش کرد، “تیرۆر ئەنجامە، ئەگەر نییە، بۆیە پێویستە تیرۆر لەڕەگ و ڕیشەوە چارە بکرێت، ئێمە هەموو کات باسی ئەوە دەکەین کە تیرۆریستان دەیانەوێت چی بکەن”.
گوتیشی: “بابەتی ئەمن و ئاسایش گرێدراوە بەو ڕەوشەی کە هەیە، چونکە عێراق هەموو کات کێشەی ناوخۆی هەبووە، پێش 2003 دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری هەبووە کە کێشەی لەگەڵ کورد و شیعە و سوننە هەبوو، ئەگەر چی خۆشیان سوننە بوون، عێراق ئامرازێکی ئەمن و ئاسایش نەبووە لە ناوچەکە، کە گرنگی نەداوە بە بونیادنانی دەوڵەت”.
ئاماژەی بەوەشدا، “پێویستە لەگەڵ خۆمان ڕاستگۆ بین، عێراق لە دوای 100 ساڵ تاوەکوو ئێستە لە چوارچێوەی بونیاد نانەوەیە، واتە کاری دروستکردنی عێراق فاشل بووە، بنەماکانی بەتاڵ و خاڵی بووە”، هەروەها سیاسەتی تەعریب و ئەنفال هەبووە، کۆمەڵکوژی هەبووە، بۆیە هەموومان هوامان وایە جیاوازیەک ببینین و ڕێگە ڕاست بکەینەوە، هەروەها هەندێک هەمان سیاسەتی ڕژێمی پێشوویان پەیرەو دەکرد بۆیە داعشیش دروس بوو”.
ئا:ج

هەواڵی پەیوەندیدار

گوتەبێژی حکوومەت: ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی ئایار رەوانەی بەغدا دەكەین

سەڵاح

لە تورکیا جەهەپە پێش ئاکپارتی کەوتەوە

سەڵاح

ئاماری وه‌رگرتنی گه‌نم، سلێمانی زۆرترین بڕه‌ گه‌نمی وه‌رگرتووه‌، پرۆسه‌ی وه‌ر

سەڵاح