لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ تورکیا و بەشداریکردنی لە پیشانگای MUSIAD EXP 2024، ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.11.27، ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگای شارەکە، لەگەڵ داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبۆڵ کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر و یاریدەدەری پارێزگاری ئیستەنبۆڵ ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر، وێرای گەیاندنی سڵاو و رێزی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پارێزگاری ئیستەنبۆڵ، جەختی لە پەرەپێدان و بەهێزگردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئیستەنبۆڵ کردەوە.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە ئاسانکاری هاتووچۆی هاوڵاتییان لە نێوان هەولێر و ئیستەنبۆڵ، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، گەلێک جار لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبۆڵ، هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دووچاری لێپیچنەوە و ناڕەحەتی زۆر دەکرێن، هیوای خواست ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت و چیتر بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت، لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری ئیستەنبۆڵ دووپاتی کردەوە کە چارەسەری ئەو گرفتە دەکات.
لە کۆتایشدا، پارێزگاری هەولێر بەفەرمی بانگهێشتی پارێزگاری ئیستەنبۆڵی کرد بۆ سەردانیکردنی هەولێر و لەبەرامبەردا داود گوڵ، بانگهێشتی بەڕێزیان قەبوڵکرد.