ئەمڕۆ شەممە، 30-11-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە میکێلێ کامێرۆتا، کونسوڵی گشتیی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان کرد، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، سوپاسی کونسوڵی گشتیی ئیتالیای کرد بۆ ئەو ماوەیەی کاری بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە و هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتووی بۆ خواست.
کونسوڵی گشتیی ئیتالیا، پێزانینی بۆ هاریکاری و هاوئاهەنگیی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە.