بەهۆی گوشارەکانی بارودۆخی سووریا و ناوچەكە، چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، بەغدا لەوانەیە ناچار بێت پاشگەز ببێتەوە لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
پێنتاگۆن ئاشکرای کردووە، کە ژمارەی سەربازانی ئەمریکی لە عێراق زیاترە لەوەی پێشتر دانی پێدا نرابوو. هەروەها ڕایگەیاندووە، کە بەهۆی هەڕەشەی زیاترەوە، ژمارەی هێزەکانیان لە سووریاش زیادی کردووە.
بەڵام پێش ئەو بارودۆخە نوێیەی ناوچەكە بگرێتەوە، عێراق و ئەمریکا ڕێک کەوتوون لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریكا بە شێوەیەکی قۆناغبەندی.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، ئەرکی شەڕی دژی داعش لە ئەیلوولی ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت، بەڵام هەندێک هێز تا ساڵێکی دواتر لە عێراق، واتا تاوەكوو 2026 دەمێننەوە.
دیپلۆماتێکی پێشووی عێراقی پێی وایە، کە بەغدا لەوانەیە پاشگەز ببێتەوە لە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەنێو ڕووداوە خێراکانی ناوچەکەدا، سەرەڕای ئەو گوشارانەی، کە گرووپە چەکدارەکان دەیکەن.
غازی فەیسەڵ، دیپلۆماتی پێشووی عێراقی، بە رۆژنامەی (ئەلمەدا)ی ڕاگەیاندووە، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەكە، لەوانەیە بەهۆی پەرەسەندنەکانی سووریا و دۆخە نوێوە گۆڕانكاریی بەسەردا بێت.
فەیسەڵ، کە ئێستا بەڕێوەبەری ناوەندی عێراقییە بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، ئاماژەی بەوەش داوە، گۆڕانکارییە ڕیشەییەکان لە سووریا، لەوانە هەڵاتنی بەشار ئەسەد و هەڵوەشانەوەی سیستەمی حوکمڕانی، لەوانەیە عێراق هان بدات بۆ پاشگەزبوونەوە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
فەیسەڵ ڕوونی کردووەتەوە، کە ئەم شیکارییە لەگەڵ ڕاپۆرتەکان یەک دەگرێتەوە، کە ئاماژە بەوە دەکەن. کە هەڵوێستی ستراتیژی ئەمریکا لەگەڵ گەڕانەوەی ترامپ بۆ دەسەڵات، لەگەڵ گۆڕانکارییە قووڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری هەڵگیرسانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران بەهۆی بەرنامەی ناوکی، لەگەڵ زیادبوونی گرژی لەنێوان (پێنتاگۆن) و گرووپە چەکدارەکانی عێراق، لەوانەیە بگۆڕێت.
فەیسەڵ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەری ئەوە هەیە بەغدا بیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ترامپ ئاسایی بکاتەوە، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.
هەروەها دەڵێت “مەترسیی گەڕانەوەی داعش و هەڕەشەکانی تیرۆر لەوانەیە فاکتەرێکی گرنگ بن لە بڕیاردانی عێراق سەبارەت بە داواکردنی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هەروەها هەڕەشە ئەمنییەکان کاریگەرییان دەبێت لەسەر بڕیاری کۆتایی عێراق سەبارەت بە مانەوە، یان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بەوەش ئەگەری ئەوە هەیە، عێراق پاشگەز ببێتەوە لەو بڕیار و رێككەوتنەی، كە لەگەڵ ئەمریكا سەبارەت بە كشانەوەی هێزە ئەمریكییەكان لە عێراق كردوویەتی.”