ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

لە ڕۆڤیا دوو شوێنی نیشتەجێبوون و جۆرە گۆزەیەكی تەمەن هه‌شت هەزار ساڵ دۆزرانەوە

 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، بەپێی دوایین ئەنجامەكانی كاركردن لە هەردوو پرۆژەی شوێنەواری لە (گرێ ئاسنگەران و كانی ئەسپەهان) لە سنووری ناحیەی ڕۆڤیا لە پارێزگای دهۆك، دوو شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ و جۆرە گۆزەیەكی تەمەن 8 هەزار ساڵ دۆزرانەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9/1/2025، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردووەتەوە، تێیدا هاتووە: “بەپێی دوایین ئەنجامەكانی كاركردن لە هەردوو پرۆژەی شوێنەواری لە (گرێ ئاسنگەران و كانی ئەسپەهان) لە سنووری ناحیەی ڕۆڤیا لە پارێزگای دهۆك، دوو شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ و جۆرە گۆزەیەك دۆزرایەوە كە تەمەنی ئەو بۆ 7 تا 8 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.”

ئەوەش خراوەتە ڕوو، پرۆژەی هەڵكۆڵین لە شوێنەواری گرێ ئاسنگەران بە هاوبەشیی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ زانكۆی (ئۆدینە)ی ئیتاڵی جێبەجێ دەكرێت، بەپێی گرێبەستێك كار لە هەردوو شوێنەواری گرێ ئاسنگەران و كانی ئەسپەهان لە پارێزگەی دهۆكدا دەكەن.

وەزارەتی شارەوانی ڕوونیشی كردووەتەوە، شوێنەوارناسانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك و زانكۆی (ئۆدینە)، دوای كاركردنیان لە پرۆژەی (كانی ئەسپەهان) جۆرە گۆزەیەك بۆ بەکارهێنان و خاوێنكردنەوەی (گەنم)یان دۆزییەوە كە تەمەنی ئەو گۆزەیە بۆ 8 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. هەروەها لە پرۆژەی شوێنەواری (گرێ ئاسنگەران) دوو ژووری نیشتەجێبوونی مرۆڤ دۆزرانەوە كە شێوەیان لاكێشەیین و لە كەرپووچ و لەسەر بەرزایی گردەكە دروست كراون، بەپێی توێژینەوەكان ئەو ژوورانە هی كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەكە بوونە.

بەپێی ئەو توێژینەوە شوێنەوارییانەی بۆ هەردوو پرۆژەكە كراون، ئەو دۆزینەوانە ئەوە دەسەلمێنن كە هەزاران ساڵ پێش ئێستا، ژیانی مرۆڤ لەو سنوورەدا هەبووە و بەردەوام گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، بە تایبەتی لە كۆمەڵگەی كشتوكاڵییەوە بۆ كۆمەڵگەی كۆمەڵایەتی، دواتر بەرەو پەرەسەندنی زیاتر و مۆدێرن و بەردەوامبوونی ژیان لە سنوورەكەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

خولی فەرەنسا.. پاریس سانجێرمان شکستی بە مارسیلیای ڕکابەری هێنا

یاسین

دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا و بریتانیا دەڵێن جیهان لە ژێر هەڕەشەی جۆراوجۆر دایە

سەڵاح

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق دەكات

دڵشاد