سوپای ئیسرائیل کوژرانی چوار سەرباز و بریندار بوونی ئەفسەر و سەربازێکی دیکەی لە بەیتحانوون ڕاگەیاند.
سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، چوار سەربازی لیوای ناحیل لە بەیتحانوونی باکووری غەززە کوژران، هەروەها ئەفسەر و سەربازێکی دیکەشی لەهەمان شوێن بە سەختی بریندار بوون.
هاوکات ڕۆژنامەی ‘یەدیعوت ئەحرۆنۆت’ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، سەربازەکان کەوتوونەتە بۆسەیەک و بۆمبیان پێدا تەقیوەتەوە، دەشڵێت، ئامانجی بۆسەکە کوشتنی جێگری فەرماندەی لیوای ناحیل بووە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش داوە، هەوڵی گەیشتن بە شوێنی بە ئامانجگرتنی سەربازەکانمان دەدەین، لە رێگەی توونێلێکەوە کە پێشتر ئاشکرا نەکراوە.
بەگوێرەی داتاکانی سوپای ئیسرائیل، ژمارەی کوژراوانی سوپا لە دوای شەڕی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، گەیشتووەتە 828 سەرباز، هەروەها تاوەکو ئێستا 5578 سەرباز بریندار بوون.
هەروەها بەپێی ئامارەکان تاوەکوو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 155 هەزار فەڵەستینی کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەتن کوژراو و بڕینداربوون و زیاتر لە 11 هەزار کەسیش بێسەروشوێنن. کە زۆرینەی وڵاتان دەڵێن، ئیسرائیل جینۆسایدی فەڵەستینییەکانی کردووە.