محەمەد عەلی
لە دوای گۆڕانكارییە خێراكانی ناوچەكە و عێراق، ئیدی خەریكە هەولێر دەبێتەوە ترافیكی سەردانی شاندی دەوڵەتيی زلهێزی دونیا و هێزە هەرێمییە جیاوازەكان، هاوكات جارێكی تر هەولێر كاریگەریی خۆی دەردەخات لەسەر بڕیارەكانی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان، بە شێوەیەك وڵاتان بۆ گەیشتن بە بڕیاری دروست لەسەر داهاتووی ناوچەكە، بۆچوونی هەولێریان لا گرینگە بۆ ئەو مەبەستە.
لە كوردستانی رۆژئاوا لە ئێستادا لە دوو ئاستەوە ئەم پارچەیەی كوردستان ڕووبەڕووی ئاستەنگی جیددی بۆتەوە، لەلایەك دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق هەسەدە بە هاوپەیمانی رژێمەكەی ئەسەد و ئێران دەزانن و دەیانەوێت بە هەموو شێوەیەك دەسەڵاتەكانی لە قاڵب بدەن، لە لایەكی ترەوە توركیا هێزە هەرێمییە براوەكەی سووریا بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەم بەشەی كوردستان بكات و بە درێژكراوەی پەكەكە هەژماریان دەكات، ئەمە لە كاتێكدایە هەولێر بە بوونی (سەرۆك بارزانی) دەتوانێ لەسەر هەردوو ئاست یارمەتیدەری ئەم بەشەی كوردستان بێت، بە تایبەتی دوای كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و مەزڵوم عەبدی، ئەم ئامانجە نزیكە لە بەدیهاتن، لە كۆتا ڕاپۆرتی رۆژنامەی فۆرن پۆلس دووپاتی ئەم بۆچوونە دەكاتەوە.
لە باشووریش هەمان هەنگاو لە هەولێرەوە لە ژێر ڕێنماییەكانی سەرۆك بارزانی هەوڵەكان چڕ كراونەتەوە بە ئامانجی گەیشتن بە رێككەوتن لە نێوان پارتی دیموكراتی كورستان و یەكێتیی نیشتیمانی بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی رێزدار (مەسروور بارزانی) و خێراكردنی هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان وەك ئامادەكارییەك بۆ گۆڕانكارییەكانی داهاتوو لە عێراق، كە ئەم لێكتێگەیشتنانەی لە نێوان هەردوو حیزبی سەرەكیی كوردستان هاتوونەتە ئاراوە، كاریگەرييان لەسەر پێگەی هەرێمیش دروست كردووە لە بەرامبەر عێراق و جێگەی خۆشحاڵیی هاوپەیمانەكانە لەسەر ئاستی جیهان، بە شێوەیەك هەولێر بووەتە ترافیكی سەردانی وەفدە باڵاكانی وڵاتانی جیهان بەمەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە بۆچوونەكانی پایتەختی هەرێمی كوردستان تایبەت بە گۆڕانكارییە خێراكان لە ئێستادا.
لە كۆتا هەوڵەكانی سەرۆكوەریران (مەسروور بارزانی) بۆ دووپاتكردنەوەی پێگە بەهێزەكەی هەرێمی كوردستان لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لە پێش بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی داڤۆس سەردانی هەریەك لە وڵاتانی قەتەر و ئوردنی كرد، كە دوو وڵاتی هەرێمیی كاریگەرن لە ناوچەكە و پێشوازی لە سەرۆكوەزیران بە ئاڵای كوردستان و ئەوەی جێگەی تێڕامانە پێشوازیی (مەلیك عەبدوڵڵا) شانشینی ئوردن بە جلی سەربازی لە سەرۆكوەزیرانی كوردستان، ئاماژەیە بۆ گۆڕانكاریی خێراتر لە ناوچەكە، دواتر كۆبوونەوە چڕوپڕەكانی سەرۆكوەزیران لە داڤۆس، دووپاتی پێگەی هەرێمی كردەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەك كە هەرێمی كوردستان دوورگەیەكی سەقامگیرە لەناو دەوروبەرێكی پڕكێشە، كە دەكرێت لە هەولێرەوە كار بۆ سەقامگیریی ناوچەكە بكرێت.
ئەگەر لەسەر ئاستی عێراقیش سەیری پێگەی هەولێر بكەین، بە ڕوونی دیارە دوای ساڵانێك لە دوژمنایەتی و وەستانەوە لە دژی پێگە و پێشەكەوتنەكانی هەولێر، خەریكە هەولێر جارێكی تر بە قۆناغ دەگەڕێتەوە هەمان پێگەی پێشووی، بە شاهیدیی ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا گۆڕانكاریی جۆری لە هەڵوێستەكانی هێزە شیعیەكان دەبینرێت، لە تێپەڕاندنی یاسای گەڕانەوەی موڵك و بەیاساناساندنی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم و دواهەمینیان دەنگدان بوو بە هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی عێراق، كە ماددەی ١٢ی تایبەت بوو بە دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، لە هەمان كاتدا رێككەوتن بۆ سەرفكردنی مووچەی هەر دوازدە مانگی ساڵی ٢٠٢٥ كە ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ هەنگاوی باڵاتر لە پێناو بەهێزكردنی پێگەی هەولێر لەسەر ئاستی ئابووری و سیاسی، كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان بكات لە داهاتوودا.