ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبووه‌

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2025/2/17 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز مه‌جید ته‌خت ڕه‌وانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆمارى ئيسلاميى ئێران و شاندێكی یاوەری كرد

لە كۆبوونەوەیەكدا جەختیان له‌ بره‌ودان به‌ پەیوەندییەكانی كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان له‌و بوارانه‌دا كرده‌وه‌ كه‌ بۆ هه‌ردوولا گرنگن، به‌تايبه‌تى بوارى ئابوورى. هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى به‌ڕێوه‌چوونى ڕێككه‌وتنى عێراق و ئێران بۆ پاراستنى ئاسايشى سنووره‌كان و ڕۆڵ و هاوكاريى هه‌رێمى كوردستان له‌مباره‌يه‌وه‌، بيروڕايان گۆڕييه‌وه.

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەمیشە خوازیاری ئەوەیە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری بێت لە ناوچەكەدا و بە هیچ شێوەیەك نابێتە سه‌رچاوه‌ى هەڕەشە و ناسەقامگیری بۆ وڵاتانی دەوروبەر، هه‌روه‌ها باسى لە گرنگيی پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش كرد.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش به‌ڕێزان سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران، له‌ لێدوانێكى هاوبه‌شى ڕۆژنامه‌وانيدا، باسيان له‌ ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ كرد. له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى گوتى:

بە گەرمی بەخێرهاتنی بەڕێز ئاغای دكتۆر مەجید ته‌خت ڕه‌وانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان دەكەم. جەخت لە گرنگيی پەیوەندیی مێژووییمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەینەوە كە لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و بەرژوەندیی هاوبەش دامەزراوە. كۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە هاوبەشێكی گرنگ بووە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ عێراق، پێزانینی خۆمان بۆ پشتگیرییەكانیان لە قۆناغە جیاجیاكاندا دەردەبڕین و سوپاسیان دەكەین.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان بڕوامان وایە كە پەیوەندیی بەهێز و هاوسەنگ لەنێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچه‌كه،‌ زۆر پێويست و گرنگە‌. عێراق و هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵ دەدەن پەیوەندییەک له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ به‌ تايبه‌تى كۆمارى ئيسلامى بنیات بنێن لەسەر بنەمای ڕێز و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش و هاوکاری لە هەموو بوارەکاندا.

جەخت لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەشی ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ده‌كه‌ينه‌وە لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و فراوانکردنی هاوكاریی هاوبەش لە هەموو بوارە جیاجیاكاندا، لە بواری ئابووری و بازرگانی و فەرهەنگی و لە بواری ئەمنیدا.

دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت لە ناوچەكە و بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادات ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران”.

لەم دیدارەدا جەختمان كردۆتەوە لەسەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا و دووپاتمان كردووه‌تەوە لە پابەندبوونی خۆمان لە چوارچێوەی ئەو میكانيزمەی كە دانراوە لەڕووی ئەمنییەوە كە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەك عێراق بەتایبەتی هەرێمی كوردستان نەبێتە سەرچاوەیەكی هەڕەشە بۆ ئاسایشی ئێران. دووبارە زۆر زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی جێگری جەنابی وەزیری دەرەوەی ئێران دەكەین كە ئەمە یەكەم جاریەتی تەشریف دەهێنێت بۆ هەرێمی كوردستان، زۆر بە خێر بێيت بە سەر چاو.

دواتر بەڕێز جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتەیەكدا گوتی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان، زۆر دڵخۆشم لەوەی كە ئەمڕۆ دەرفەتێك دروست بوو و ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم لە هەرێمی كوردستانی عێراق. من بۆ گفتوگۆی سیاسی كە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی حكوومەتی عێراق هەمانە، دوێنی سەردانی بەغدام كرد و دانوستانێكی زۆر باشمان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیدا هەبوو لە بوارە جیاوازەكاندا لەنێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ كە هاوبەشییەكی زۆرمان پێكەوە هەیە، هەروەها پرسێكی زۆر هەیە كە گفتوگۆی لەسەر بكەین و ئەو ڕوانگە باشانەی كە لە بەغدا هەبوون.

ئەمڕۆ بەیانییش لە هەولێرم و گفتوگۆی باشمان هەبوو لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێزان مەسعوود بارزانی و مەسروور بارزانی و ئێستاش لە خزمەت بەڕێز نێچیرڤان بارزانى ـ دام و زۆر سوپاسی پێشوازیكردنی گەرمی ئەوان لە ئێمە دەكەین.

زۆر بواری باش ئەمڕۆ گفتوگۆمان لەسەر كرد وەك دوو وڵات، وڵاتانی دراوسێ عێراق و ئێران، هەروەك ڕامگەیاند هاوبەشییەكی زۆرمان پێكەوە هەیە و لەگەڵ هەرێمی كوردستانیشدا بە هەمان شێوە هاوبەشییەكی زۆری كولتووری، ئایینی، زمانی، مێژوویی و شارستانیمان هەیە و هەموو ئەوانە هاوكاریمان دەكەن كە پەیوەندییەكانمان زیاتر لە جاران بەهێز بكەین، لە زۆر بواری جیاوازدا هاوكاریمان هەیە بەتایبەت لە بواری ئابووری و زۆر كاری دیكە دەتوانین ئەنجامی بدەین.

ئەمڕۆ لە گفتوگۆكانماندا لە هەولێر، بەتایبەتى باسمان لە پرسی ئابووری لەگەڵ وڵاتی دراوسێ كرد، هەروەها بە شێوەیەكی سروشتی ئێمەش هەر لەم چوارچێوەیەدا كارەكانمان بەردەوام دەبێت لە بواری گەشتیاری و ئەزموونی كار لەنێوان هەردوو حكوومەتدا. بواری زۆر باش هەیە كە دەتوانین بەكاری بهێنین بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی گەلانی هەردوولا.

هەروەها بابەتی ئاسایشیش یەكێك لەو بابەتانە بوو كە گفتوگۆمان لەسەر كردووە و بەدواداچوونی بۆ دەكەین و پێمانوایە ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێمەیە. ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراق ئاسایشی ئێمەیە و دەبێت دەست بدەینە دەستی یەكتری و ئەو كێشە و گرفتانەی كە هەیە بتوانین چارەسەری بكەین.

جارێكی دیكە سوپاسی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی دیكەی هەرێمی كوردستان دەكەم بۆ ئەو پێشوازییەی كە لە ئێمەیان كرد و هیوادارین كە ئەم گفتوگۆیانە بەردەوام بن.

هەواڵی پەیوەندیدار

توركیا… ٢٤٢ کۆچبەری نایاسایی ده‌ستگیر كران

سەڵاح

دەروازەیەکی دیکەی سنووری لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەکرێتەوە

سەڵاح

نوێترین زانیاری لەبارەی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە ئاشکرا دەکرێت

یاسین