هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “تی ئاڕ تی وۆرڵد” سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و پرسەکانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا چەندین تەوەری گرنگی خستەڕوو.
پێویستە لە شەڕی پەکەکە ڕزگار بین:
فیدان لەبارەی دۆخی سووریاوە وتی: “بۆ بەرژەوەندی سووریا، تورکیا، عێراق و تەنانەت کوردەکانیش، پێویستە لە شەڕی پەکەکە ڕزگارمان بێت.”
ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ هاوتا ئەمریکاییەکەی لەبارەی دۆخی سووریا گفتوگۆی کردووە و گوتی: “پێموایە بەرپرسانی ئەمریکایی ئێستا سەرقاڵی داڕشتنی سیاسەتەکانی خۆیانن و بۆ گفتوگۆی وردتر پێویستیان بە کاتە.”
پەکەکە تەنها هەڕەشە نییە بۆ تورکیا:
وەزیری دەرەوەی تورکیا پەکەکەی بە “ڤایرۆس” ناو برد و جەختی لەوە کردەوە پەکەکە تەنها تورکیا ناکاتە ئامانج، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ ئێران، عێراق و سووریاش و گوتی: “کاتی ئەوە هاتووە بە هەماهەنگی لەم ڤایرۆسە ڕزگار بین.”
هەروەها باسی لە پێویستی دروستکردنی بەستێنێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە کرد بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
ڕەخنە لە نەتانیاهۆ و هۆشداری لە کۆمەڵکوژیی نوێ لە غەززە:
فیدان ڕەخنەی لە هەڵوێستی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گرت و گوتی: “نەتانیاهۆ نیازی درێژەدان بە ئاگربەستی غەززە نییە و بەنیازی دەستپێکردنەوەی جەنگە.”
وەزیری دەرەوەی تورکیا داواشی لە سەرۆکی ئەمریکا و حکومەتەکەی کرد ڕێگە لە لە “کۆمەڵکوژییەکی دیکە” لە غەززە بگرن، ئەگینا دروشمەکانی هەڵمەتی ترامپ سەبارەت بە ڕاگرتنی جەنگەکان پووچ دەبێت.
سیستەمی نێودەوڵەتی و “ڕوانگەی ئەمریکایی نوێ:
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا ترامپ لە کاتی هاتنە سەر کارییەوە سیستەمی نێودەوڵەتی ئێستای بە “ڕوانگەی ئەمریکایی نوێ” گۆڕیوە و ئەمەش “شەپۆلی شۆک”ی بۆ هەموو جیهان هێناوە. گوتیشی ترامپ بەدوای ئەوەوەیە ئەمریکا لە سیستەمی ئێستادا چی زیاتر دەستەبەر بکات.
ئەوروپاییەکان نیگەرانن:
فیدان ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوروپییەکان زۆر نیگەرانی “ڕاستییە نوێیەکان”ن و هیوادارن کە ئەم دۆخە کاتی بێت.
لە کۆتاییدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا ترەمپ داوای ئاگربەستی خێرا لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکات و پلانی ئاشتی دژوارە بەڵام شایەنی تاقیکردنەوەیە.