عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری لاوازکراوی ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت: لە حەوت ساڵی ڕابردوودا بەهۆی کاریگەرییەکانی هەڵاوسان، ١٠ ملیۆن کەسی دیکە لە ئێران کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری.
هیمەتی لەکاتێکدا ئەمڕۆ (یەکشەممە ٢ی ئاداری ٢٠٢٥ لە پەرلەمانی وڵاتەکەی لە بارەی دۆخ و گوزەرانی هاووڵاتییانی ئێران بانگهێشت کرابوو، گوتی: کەسێک ئیدارەی ئابووریی وڵات بکات، دەزانێت حەوت ساڵ هەڵاوسانی بەردەوام چی بەسەر ٤٠٪ی گوزەرانی خەڵک هێناوە، هەربۆیە هەمووتان زانیاریتان لەم بارەوە هەیە و پێویست ناکات داوای ڕوونکردنەوە بکەن تا دوژمن دڵخۆش نەبێت و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیش نەکەونە ژێر مەترسی.
ناوبراو هەروەها گوتی، لە حەوت ساڵی ڕابردوودا بەهۆی هەڵاوسانەوە ١٠ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئێران کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری، هەروەها دەزانین هاووڵاتییان چییان دەوێت، بەڵام ناچارین دەبێت لەسەر بنەمای تواناکان کار بکەین.
وەزیری پێشووی ئابووریی ئێران کە لە هەمان دانیشتندا متمانەی پەرلەمانی لەدەست دا، ئاماژەی بە ڕۆڵی کابینەکەی مەسعود پزیشکیان کرد و گوتی: ساڵی ڕابردوو ئەم کاتە، ڕێژەی هەڵاوسان ٤٢٪ بوو، بەڵام بۆ ئەم ساڵ توانیومانە تا ٣٢٪ کەمی بکەینەوە.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، ٣٠٪ی دانیشتووانی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان و کۆی ئەم ڕێژەیەش دەکاتە زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەس.
