zagros news agency

سوپای ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵڵای لە باشووری لوبنان ڕاگەیاند

 

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی گەلاوێژ بە فەرمی کوژرانی عەلی محەممەد فەخرەدین، ناسراو بە “ئەبو حەسەن عەلا”، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی یەکەی بەدری سەر بە حزبوڵڵای لوبنانی لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە باشووری لوبنان ڕاگەیاند. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، ئەم هێرشە لە وەڵامی چالاکییەکانی ناوبراو و گرووپەکەی بەرانبەر بە هێزە ئیسرائیلییەکان لە ناوچە سنوورییەکان ئەنجام درا.
سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد فەخرەدین لە ڕێکخستن و جێبەجێکردنی چەندین هێرشی چەکداری بەرانبەر هێزەکانی لە نێو ناوچەی ئەمنیی باشووری لوبنان ڕۆڵی سەرەکی هەبووە، لە نێویاندا هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو بەرەو پێگەکانی ئیسرائیل. هەر بەپێی زانیارییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل، ناوبراو لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەرپەرشتیی ژمارەیەک یەکەی شەڕکەری حزبوڵڵای لەئەستۆ بوو کە ئۆپەراسیۆنیان دژ بە سەربازان و هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بەڕێوە دەبرد. بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل کوژرانی ناوبراویان وەک لێدانێکی گەورە لە توانای فەرماندەیی و کۆنترۆڵی حزبوڵڵا وەسف کرد.
لایەنگران و میدیاکانی سەر بە حزبوڵڵاش بە بڵاوکردنەوەی پەیامی سەرەخۆشی، جەختیان لەوە کردەوە فەخرەدین ئەندامێکی ئاسایی نەبووە، بەڵکوو کادیرێکی باڵا و فەرماندەیەکی مەیدانی بووە، هەرچەندە وردەکاریی پلە سەربازییەکەی بە شێوەیەکی فەرمی ئاشکرا نەکرا. لەو هێرشە ئاسمانییەدا بۆ سەر شارۆچکەی دێرئەلزەهرانی لە باشووری لوبنان، جیا لە فەخرەدین چەند کەسێکی دیکەش گیانیان لەدەست دا، لە نێویاندا عەلی حەسەن حەنجوول.
ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنها ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە سوپای ئیسرائیل ژێرخانە سەربازییەکانی سەر بە حزبوڵڵای لە دەوروبەری شاری نەبەتییە و شارۆچکەی ئەنسار کردە ئامانج. لەم بارەیەوە ییسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، گوتی وڵاتەکەی لە هیچ بەرەیەکدا سازش ناکات و بەردەوام دەبێت لە پاراستنی هاووڵاتییان و سەربازانی خۆی. لە درێژەی هێرشە ئاسمانییەکاندا بۆ سەر شارۆچکەکانی ئەنسار و دێرئەلزەهرانی، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند ١١ کەس گیانیان لەدەست دا کە سێیان منداڵ بوون؛ ئەمەش بەرزترین ئاستی زیانی گیانیی ڕۆژانەیە لە دوای واژووکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا.
تەلئەڤیڤ جەخت لەوە دەکاتەوە ئەم هێرشانە وەڵامدانەوەیە بەرانبەر پەلامارەکانی حزبوڵڵا، لە کاتێکدا جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان، زیادبوونی ئاستی پێکدادانەکانی بە پەیامێکی ئاشکرا بۆ سەر پڕۆسەی دانوستانەکان و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان ناو برد. لە بەرانبەردا، وتەبێژی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گوتی ئەم لێدانانە دەبنە هۆی هاندانی زیاتر و جدیتربوونی ڕەوتی دانوستانەکان. هاوکات چاودێران پێشبینی دەکەن ئاڵۆزییەکان لە سنووری سووریا و لوبنان کاریگەریی قووڵ لەسەر داهاتووی ئاسایشی نێوچەکە دروست بکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

نوێترین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەخرێتە روو

یاسین

لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لەبەسرە 8 زیارەتکار مردن و 40ی دیکەش برینداربوون

سەڵاح

پرێمەرلیگ.. مانسیتی لەدوا خولەکەکان خۆی لە چنگی ئارسناڵ ڕزگارکرد

یاسین