ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

یەکێتیی ئەورووپا: پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران زۆر جێی نیگەرانییە

یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندووە، پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا زۆر جێی نیگەرانییە و دەبێتە هۆی مەترسیی بڵاوبوونەوەی خواستی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا. ئەمریکاش ڕایگەیاندووە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەڕەشەیەکی ڕژدە دژی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و باجخوازی لەو وڵاتە قبووڵ ناکەن.

یەکێتیی ئەورووپا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بە زیادکردنی بەرچاوی بەرهەمهێنان و کەڵەکەکردنی یورانیۆمی پیتێنراوی ئاستی باڵا لەلایەن ئێرانەوە کردووە. نوێنەری یەکێتییەکە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی داوای لە هەموو وڵاتانی ئەورووپایی کردووە پشتگیریی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکەن کە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ی ئێران تەئید دەکات و میکانیزمێکی بۆ گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان دژی لادانی ئێران لە ڕێککەوتنەکە تێدایە.

ئەمریکاش لە بەیاننامەیەکدا دواین ڕاپۆرتی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی بە جێی نیگەرانیی زۆر داناوە و ڕایگەیاندووە، ئەو ڕاپۆرتە دەری دەخات، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەڕەشەیەکی ڕژدە دژی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات، بەڵام ئەمە ستراتیژییەکی زۆر مەترسیدارە و ئێمە باجخوازی لەو وڵاتە قبووڵ ناکەین.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کردووە، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیا، لە وەڵامی داواکاریی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکادا ڕازی بووە بۆ دانوستان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و ڕاگرتنی پشتیوانیی ئەو وڵاتە لە گرووپە میلیشیاییەکانی ناوچەکە ناوبژیوانی بکات.

بلومبێرگ دەشڵێت، ترامپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەم دواییەیدا لەگەڵ پوتین ئەو داوایەی لێ کردووە و لە دیداری بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ڕووسیا لە پایتەختی سعوودیەش بابەتەکە دووپات کراوەتەوە.

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملینیش بە بلومبێرگی گوتووە، ڕووسیا پێی وایە، دەبێ ئەمریکا و ئێران هەموو کێشەکانیان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چار بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش مۆسکۆ ئامادەیە هەرچی لە توانایدا هەیە، بیکات.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش پشتڕاستی کردووەتەوە، پرسی ئەتۆمیی ئێران وەک پرسێکی نێودەوڵەتی لەنێوان ڕووسیا و ئەمریکا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، بەڵام بەبێ تاران هیچ شتێک لەو بوارەدا سەر ناگرێت و بەرپرسانی ڕووسیاش بەباشی لەم بابەتە تێ دەگەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمەریکا  و ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی پشتگیری لە حکوومەتی نوێی سووریا دەکەن

سەڵاح

١٢ چەکداری ئەرتەشی نیشتمانی لە هێرشێکی هەسەدە لە نزیک بەنداوی تشرین کوژران

سەڵاح

ئەمریکا هەڕەشە لە گروپە چەکدارە عێراقیەکان دەکات

سەڵاح