سەپاندنی باجی گومرگیی نوێ لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لەسەر ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو، بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی بەهای پشکی ژمارەیەک لە کۆمپانیا گەورەکانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی جیهاندا.
بەپێی ئامارەکانی پێگەی هەواڵیی بلومبێرگ، تەنها لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوودا و وەک کاردانەوەیەکی خێرا بەرانبەر جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئیدارەی ئەمریکا، پشکی کۆمپانیای “ڤایلۆ”ی فەرەنسی بۆ بەرهەمهێنانی پارچەی ئۆتۆمبێل، بە ڕێژەی ٧.١٪ دابەزیوە.
هاوکات، کۆمپانیا بەناوبانگەکانی ئەڵمانیاش لەم زیانانە بێبەش نەبوون؛ نرخی پشکی هەر یەک لە کۆمپانیاکانی ڤۆڵکسواگن، مێرسیدس و بی ئێم دەبلیوو نزیکەی ٢٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
کاریگەریی ئەم باجانە کۆمپانیا ئاسیاییەکانیشی گرتووەتەوە. لە ژاپۆن، پشکی کۆمپانیای نیسان بە ڕێژەی ٧٪ و پشکی کۆمپانیای تۆیۆتاش بە ڕێژەی ٢.٦٪ بەهای خۆی لەدەستداوە.
ئەم دابەزینانە نیگەرانییەکانی نێو بازاڕەکان سەبارەت بە لێکەوتە ئابوورییەکانی سیاسەتە بازرگانییەکانی ئەمریکا لەسەر کەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لەسەر ئاستی جیهان دەردەخات.

