بەڕێوبەری بەرگری شارستانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی، تیمەکانی بەرگری شارستانی و بەدواگەڕان بۆ دۆزینەوەی مامۆستا ئاڤێستا یوسف لە ئاوی رووباری رێزان لە دەڤەری بارزان زیادکراون بۆ 59 تیمی مەلەوان.
کاروان میراودەلی، بەڕێوبەری بەرگری شارستانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی رایگەیاند: ئەمڕۆ هەینی 11ی نیسانی 2025، تیمەکان بە چڕی لە ناوچەکە و سەر ئاوی رێزان لە دەڤەری بارزان جێگیر کراون و بەدوای دۆزینەوەی مامۆستا ئاڤێستا یوسفن. هەوەها لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەگری شارستانی هەولێر لە دیوی بێخمەوە تاکو خەبات 35 تیمی بەدواگەڕان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی زیادکراون.
بەڕێوبەری بەرگری شارستانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گووتی: ڕۆژانە 24 تیم بەدوای ئاڤێستا دەگەڕێن، ئاشکراشیکرد: ئەمڕۆ تیمی بەرگریی شارستانی و تیمەکانی مەلەوانی زاخۆش هاتوونەتە ناوچەکە بۆ هاوکاری تیمەکانی بەرگریی شارستانی سۆران، دەمانەوێت پرۆسەکە خێراتر بکەین، بەڵام کەشوهەوا هاوکارمان نییە، قوڕ و لیتەیەکی زۆر لە ئاوەکە هەیە، خەڵکی ناوچەکە هاوکاریمان دەکات و سوپاسیان دەکەین، بە فڕۆکە و دوور بین و بەلەم بەدوای ئاڤێستا دەگەڕێین.
هەروەها کاروان میراودەلی، بەڕێوبەری بەرگری شارستانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە لە رۆژی یەکەمی ڕووداوەکە جارێک ئاڤێستا لە ئاوەکە بە دڵنیایی بەدووری 1600 مەتر بینراوە، دوێنێ تەنێک کە گومان دەکرێت تەرمی ئاڤێستا بێت، بەو ئاوەدا تێپەڕیووە، بەڵام ئێستا ئەو تەرمە لەو ناوچەیە نەماوە بەهۆی رۆیشتنی ئاوەکە، ئەگەر تەرمەکەش بێت، چونکە بە 5 تیمی مەلەوانی، بن بەرد و بن بەرد بەدوای ئاڤێستا گەڕاوین.
رێباز یونس

