دکتۆر ئەحمەد دلبەری، سەرۆکی کۆمەڵەی زانستیی پزیشکیی بەساڵاچووانی ئێران، هۆشداری دەدات لە خێرایی پیربوونی دانیشتووانی ئێران و ڕایگەیاندووە تا ساڵی ٢٠٥٠ زیاتر لە سێیەکی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بەساڵاچوو دەبن.
دلبەری، لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە: “لە ئێستادا ٨٠ هەزار بەساڵاچوو لە وڵاتدا بە تەواوی سەڵتن (واتە بە تەنیا دەژین)، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوتی ئێستا، پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە تا ساڵانی داهاتوو بگاتە ٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس.”
ئەم شارەزایە گوتی: بەهۆی ئەم مەترسییەوە، “هەروەک چۆن ‘بنکەی هەڵمەتی دانیشتووان’ بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی دانیشتووان پێکهێنراوە، پێکهێنانی ‘بنکەی هەڵمەتی پیربوونی دانیشتووان’یش بە هەمان ئەندازە پێویستە، چونکە لە ساڵی ٢٠٥٠دا، زیاتر لە یەک لەسەر سێی دانیشتووانی ئێران بەساڵاچوو دەبن.”
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی زانستیی پزیشکیی بەساڵاچووانی ئێران، پشت بەستن بە توێژینەوەکان لە ٩٠ وڵاتی جیهاندا، “ئێران لە پێوەرەکانی تەندروستیدا لە پلەی ٤٤ەمدایە، بەڵام سەرەڕای ئەم پێگەیەش، وڵاتەکە ئامادە نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی خێرای ژمارەی بەساڵاچووان.”
پێشتر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی کردبوو تا ساڵی ٢٠٥٠ی زایینی، سێیەکی دانیشتووانی ئێران تەمەنیان ٦٠ ساڵ یان زیاتر دەبێت، کە ئەم ڕێژەیە سێ هێندەی ڕێژەی ساڵی ٢٠٢١ە. هەروەها بەپێی پێشبینییەکانی مانگی ئابی ٢٠٢٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان، چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەی پیربوونی دانیشتووانی ئێران تا ساڵی ٢٠٨٠ بگاتە نزیکەی ٤٠٪ی کۆی دانیشتووانی وڵاتەکە.
دیاردەی بەخێرایی پیربوونی دانیشتووانی ئێران نیگەرانییەکانی سەبارەت بە سەقامگیریی ئابووریی درێژخایەنی وڵاتەکە زیاد کردووە. سەرەڕای سیاسەتەکانی حکومەت و هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی لەدایکبوون، زۆرێک لە هاوسەران بەهۆی کێشەی ئابووریی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، پێشوازی لە بانگەوازەکان بۆ منداڵهێنان یان هێنانی منداڵی زیاتر ناکەن.
هەواڵی داهاتوو

