zagros news agency

پەیامی وەزیری رۆشنبیری و لاوان بە بۆنەی رۆژی ۆژنامەگەری کوردی

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حوکمەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لەبارەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی بڵاوکردەوە و هیواخوازە، یادی 127 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی هاندەر بێت بۆ پابەندبوون بە بنەما ئیتیکییەکان و پشتیوانی لە ئازادی رادەربڕین.

لە پەیامەکەدا هاتووە: “یادی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی لە هەموو لایەک پیرۆز دەکەم، بە تایبەت ئەو قەڵەمە سەنگین و رۆژنامەنووسە ژن و پیاوانەی ژیانیان تەرخان کردووە بۆ گەیاندنی راستیی، گواستنەوەی وێنەکان، پیشاندانی واقیع وەک خۆی بە بێ رتووش و دەستکاریکردن، لەو پێناوەشدا قوربانیان داوە”.

هەروەها وەزیری رۆشنبیری و لاوان دەڵێت: “بە درێژایی قۆناغەکانی پێشکەوتن و گەشەکردنی مێژووی کاروانی رۆژنامەگەریی کوردی، بەردەوام پۆلێک لە مەشخەڵ هەڵگرانی رووناکی و دەنگی بەرزی داد و یەکسانی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی وەک رابەر و چاوساغی کۆمەڵگە خەباتیان کردووە بۆ بەدیهێنانی خواست و ئامانجە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانمان. 

لەم رۆژە پیرۆزەدا یادی هەموو ئەو قەڵەم، دەنگ و شۆڕەسوارانەی وشە و کاروانی رۆژنامەگەریی کوردی دەکەینەوە، کە لە ئاست بەرپرسیارێتی وشەدا ژیان، تەمەنیان تەرخان کرد بۆ خزمەتی کاروانەکە.

ئێستا ئێمە لە هەلومەرج و سەردەمێکی نوێی تەکنیک و پێشکەوتنی ئەلیکترۆنی و بەردەستبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانین و یادی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی دەکەینەوە، هەر بۆیە پێویستە وەک چۆن میقداد مەدحەت بەدرخانی نەمر، لە ئاست بەرزی وشەدا دەستپێکی بزاوتی ڕۆژنامەوانی کوردی بە ناوی “کوردستان” دەستپێکرد، ئێمەش لە ئاست ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی قۆناغی ئێستای بزاوتەکەدا بین، گوتار و ناوەڕۆکی پەیامی راگەیاندنمان بخەینە خزمەتی کوردستان چ وەک نیشتمان و چ وەک کۆمەڵگە، ئەمەش بە پابەندبوونی هەموو لایەک بە بنەما پیشەیی و ئیتیکییەکانی کاری رۆژنامەوانی دەبێت.

ئەم یادە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان جەژنی وشە و دەستپێکی تێکۆشانی مەدەنیانەی ڕووناکبیر، نووسەر و رۆژنامەنووسانی کوردە، لە پێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش بۆ نیشتمان و بەدیهێنانی ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان، چونکە ئەوی ڕۆژێ، رووناکبیرێکی وەک میقداد مەدحەت بەدرخان، بە تەنیا وەک رووناکبیرێکی کورد شۆڕشێکی مەزنی وشەی لە بەرامبەر ستەم و چەوساندنەوە و داگیرکاری عوسمانییەکان دەست پێ کرد. 

مایەی شانازیمانە، کە لە ماوەی کارکردنمان لە پۆستی وەزیری رۆشنبیری و لاوان، هەمیشە پشتیوانی دەنگی رەوا، ماف و ئازادییەکانی رادەربڕین و کاری رۆژنامەنووسی بووین. شانازی ئەوەمان پێ بڕاوە لە گفتوگۆ و راگۆڕینەوەی بەردەوامدا بین لەگەڵ رۆژنامەنووس، رێکخراو و ناوەندە پیشەییەکانی ئەو بوارە و کەناڵەکانی راگەیاندن، لە پێناو بژاری هەڵە و کەموکوڕییەکان و ڕاستەڕێ کردنی کاروانی ڕۆژنامەنووسیمان.

جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە، ئێمە پشتیوان، هاوکار و سەرخەری دەنگی ئازادانەی ژنان و پیاوانی رۆژنامەنووسی کوردستانین بێ هەڵاواردن و جیاوازی. 

هەروەها وەک داکۆکیکارێک لە ئازادی مافی رادەربڕین و هەموو ئەو مافانە دەمێنینەوە، کە لە پەیماننامە و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بۆ مرۆڤ بە گشتیی و رۆژنامەنووسان بە تایبەتی دەستەبەر کراون. هەوڵی دڵسۆزانەشمان بۆ رێکخستنی چوارچێوەی میدیایی لە پێناو رەخساندنی ژینگەیەکی باشتر بووە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستاندا. دووبارە پیرۆز بێت یادی ڕۆژنامەگەری کوردی.

دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرقافڵەی کاروانی رۆژنامەگەریی کوردی، میقداد مەدحەت بەدرخان و هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی لە پێناو گەیاندنی راستی، چەسپاندنی داد، رووبەڕووبوونەوەی قۆرغکاری، گەندەڵی، ستەم و نادادی گیانی خۆیان بەخت کردووە”.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی فیلمی “The Beekeeper” لە سینەماکاندا

ART

لە هەولێر کۆنسێرتێکی گۆرانی و میوزیکی ئیتاڵی بەڕێوەچوو

ART

رێوڕەسمی ناساندنی کۆبەرهەمی هەژار موکریانی بەڕێوەچوو

ART