کەناڵی (سکاینیوز)ی عەرەبی بڵاوی کردووەتەوە: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر فرۆشتنی سیستەمی مووشەکیی پاتریۆت و خزمەتگوزارییە پاڵپشتەکانی بە کوێت، بە بڕی 425 ملیۆن دۆلار.
بەپێی زانیارییەکانی پنتاگۆن، بەڵێندەری سەرەکی بۆ دابینکردنی ئامێر و خزمەتگوزارییەکان کۆمپانیای RTX Corp ـە و لە هەفتەی یەکەمی مانگی نیساندا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گرێبەستێکی بۆ نۆژەنکردنەوەی مووشەکەکانی پاتریۆت بۆ کوێت پەسەند کردووە، کە بەهای نزیکەی 425 ملیۆن دۆلارە.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە ئەم ڕێککەوتنە دەکەوێتە چوارچێوەی هەوڵەکانی پاڵپشتیکردنی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی ئاسایشی هاوپەیمانێکی گەورەی دەرەوەی ناتۆ، کە لایەنێکی سەرەکییە لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی سیاسی و گەشەی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئاماژەی بەوەش کردووە، مووشەکەکانی پاتریۆت PAC-3 توانای کوێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکانی ئێستا و داهاتوو بەرز دەکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی ژێرخانی گرنگی وڵاتەکەی دەپارێزێت، لەنێویاندا دامەزراوە نەوتی و گازییەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکان بەهای گرێبەستی کڕین و نوێکردنەوەی مووشەکی پاتریۆت کە لە مانگی ئایاری 2020ەوە لەگەڵ کوێت واژۆ کراوە، یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە.

