zagros news agency

وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکای بە “نایاسایی” ناوبرد

 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکای بۆ سەر تۆڕە بانکییە نهێنییەکانی شەرمەزار کرد و بە هەنگاوێکی نایاسایی و بەڵگەی “دوژمنکاریی بەردەوامی” واشنتۆن لە دژی گەلی ئێران وەسفی کرد.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، گەمارۆ نوێیەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکای بۆ سەر زیاتر لە ٣٠ کەسایەتی و دامەزراوەی پەیوەست بە تۆڕی بانکیی نهێنیی کۆماری ئیسلامی، بە “نایاسایی” وەسف کرد و بە توندی ئیدانەی کرد.

بەقایی، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٧ی حوزەیران، ئەم گەمارۆیانەی بە “پێشێلکردنی بنەما و پێوەرە یاساییە نێودەوڵەتییەکان” ناوبرد و بە “بەڵگەیەکی دیکەی دوژمنکاریی قووڵ و بەردەوامی ڕژێمی حاکم لە ئەمریکا لە دژی گەلی ئێران” لە قەڵەمی دا.

ناوبراو هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە گەمارۆکانی ئەمریکا “بە ئامانجی زیادکردنی فشار لەسەر تاک بە تاکی هاووڵاتییانی ئێرانی و بێبەشکردنیان لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ داڕێژراون و جێبەجێ دەکرێن.”

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو کە ١٠ کەس و ٢٧ دامەزراوەی لە ئێران، چین، ئیمارات و هۆنگ کۆنگ خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە. بە گوتەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایی، ئەم تۆڕە بانکییە نهێنییە بە سپیکردنەوەی ملیارەها دۆلار، پارەی بۆ پڕۆگرامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران و هەروەها چالاکییە پڕۆکسییەکانی کۆماری ئیسلامی دابین کردووە.

جێی ئاماژەیە، حکوومەتی ئەمریکا لە ٢١ی ئایارەوە تا ڕۆژی هەینی هیچ گەمارۆیەکی نوێی بەسەر ئێراندا نەسەپاندبوو و هەندێک لە میدیاکان ئەم وەستانەیان بە دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتۆن و تارانەوە گرێ دابوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

رۆدری لە ریال مەدرید نزیک دەبێتەوە

یاسین

بۆ راوەدوونانی داعش هەسەدە بە پاڵپشتی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لە رەقە دەستپێدەکات

یاسین

نرخى نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دابەزینى بەرچاوى تۆمار کرد

یاسین