باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق ئەو هەواڵانەی رەت کردەوە کە لەسەر زيادکردنی نرخی ڤیزای سووریا بۆ عێراقییەکان بڵاوکرابووەوە.
باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا روونی کردەوە “ئەوەی لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە دەرچوونی بڕیارێک بۆ زيادکردنی نرخی ڤیزای سووریا بۆ عێراقییەکان، هیچ راست نییە.”
باڵیۆزخانەی عێراق جەختی کردەوە “هیچ نرخێک زياد نەکراوه و باڵیۆزخانەمان پەیوەندی بە لایەنە سوورییە پەیوەندیدارەکانەوە کردووە بۆ ئەم مەبەستە”
راشیگەیاند، “هەواڵەکان لە سەرچاوە فەرمی و متمانەپێکراوەکانەوە بڵاوبکرێنەوە.”
هەندێک میدیای ناوخۆی عێراق ئەو هەواڵەیان بڵاوکردەوە کە گوایه نرخی ڤیزای سووریا بۆ عێراقییەکان بووەته 250 دۆلار.

