چوار وڵاتی بریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئەمریکا پڕۆژەبڕیارێکی توندیان دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پێشکەش بە ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کرد. لە بەرانبەردا، ئێران هۆشداریی کاردانەوەی خێرا و توند دەدات.
پڕۆژەبڕیارەکە، کە چاوەڕوان دەکرێت ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بخرێتە دەنگدانەوە، داوای ڕوونکردنەوەی زیاتر لە تاران دەکات سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی و جەخت لەوە دەکاتەوە ئێران بەڵێنەکانی خۆی لە چوارچێوەی پەیمانی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیدا جێبەجێ نەکردووە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی هەواڵی فرەنسا بڵاوی کردووەتەوە، لە دەقی پڕۆژەبڕیارەکەدا وڵاتانی ڕۆژئاوایی “نیگەرانیی قووڵی” خۆیان دەربڕیوە لەوەی ئێران هاوکاریی تەواوی لەگەڵ پشکێنەرانی ئاژانسدا نەکردووە و ئاژانس ناتوانێت ئاشتیخوازانەبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پشتڕاست بکاتەوە.
ئەگەر بڕیارنامەکە پەسەند بکرێت، دەبێتە یەکەم بڕیارنامەی شەمەزار کردن دژی ئێران لە دوای تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ـەوە و ڕێگە خۆش دەکات بۆ گەڕاندنەوەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی کاراکردنەوەی “میکانیزمی پاشەکشە” (Snapback) و گەڕاندنەوەی سەرجەم سزاکانی نێودەوڵەتی بۆ سەر ئێران.
بێهرووز کەمالوەندی، گوتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ئێرانیش دژی ئەم هەنگاوە هەڕەشەی کرد و گوتی، ئەگەر هەنگاوی نابنیاتنەرانە بنرێت و بڕیارنامەکە پەسەند بکرێت، وڵاتەکەی “کاردانەوەی خێرا و گونجاوی” دەبێت. ناوبراو جەختیشی کردەوە، ئەم جۆرە فشارانە نەک تەنیا بەرنامە ئەتۆمییەکەیان لاواز ناکات، بەڵکو پتەوتریشی دەکات.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

