ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی هەرێمییەوە بڵاوی کردەوە، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا لە ڕۆژی هەینییەوە، لانیکەم ١٤ زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون. بەپێی هەواڵەکە، ژمارەیەک لەو زانایانە بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە کراونەتە ئامانج. هاوکات، میدیاکانی ئێران هەواڵی تەقینەوەی بەرفراوانیان لە چەندین ناوچەی جیاوازی پایتەخت پشتڕاست کردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئێرانی بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێرنای گوتووە، ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتەکانی لە تاران، پەنای بۆ بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو بردووە. ئەو سەرچاوەیە زیادی کردووە، ڕۆژی یەکشەممە پێنج پاکێجی تەقەمەنی لە ناوچە جیاوازەکانی پایتەخت تەقیونەتەوە.
هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لە بیستنی دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە نزیک باڵەخانەی پەرلەمانی ئێران دەکەن. ئەم تەقینەوەیە چەند خولەکێک دوای ئەوە بووە کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل چالاک کرابوون.
شایەتحاڵان باس لە بینینی دووکەڵ لە چەندین ناوچەی تاران دەکەن، لەوانە شاری ڕۆژئاوا (شەهرەکی غەرب)، سەعادەتئاوا، پوونەک، ئەکباتان و چیتگەر. میدیا نێوخۆییەکانیش ئاماژەیان بە تەقینەوەی دیکە لە نزیک شەقامی تاڵقانی، گۆڕەپانی وەلیعەسر و دەوروبەری بنکەی هێزی ئاسمانی لە شەقامی پیرووزی کردووە.
هاوکات، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجەکانی لە ئێران بەردەوام دەبێت. ئافی دفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە گوتی، هێزەکانی وڵاتەکەی ناوەندەکانی «پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی» و کۆگاکانی سووتەمەنییان لە ئێران کردووەتە ئامانج.
هەواڵی پێشوو

