دوابەدوای بڵاو بوونەوەی هەواڵێك لە سۆشیاڵمیدیا لەماوەی ڕابردوو گوایە هاوڵاتیەك بەهۆی بەكارهێنانی ژیری دەستكرد كۆچی دوایكردووە. وەزارەتمان بەدواداچوونی تەواوی بۆ بابەتەكە كرد و زانیاری تەواو لە كەسە نزیكەكانی كۆچكردوو و نەخۆشخانە وەرگرت، دەرەنجام گەیشتینە ئەو ڕاستیەی کەوا ئەم هەواڵە ڕاست نیە بەداخەوە چەندین ڕاگەیاندن و پەیجی سۆشیاڵمیدیا بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنی فەرمی کە وەزارەتی تەندروستیە تەنها ڕۆڵی گواستنەوەی ئەو پڕوپاگەندەیان کرد.
لێرەوە بەپێویستی دەزانین دوو پەیامی بەرژەوەندی گشتی بخەینە ڕوو:
یەکەم:
پێویستە هاوڵاتیان هیچ دەرمانێك یان پێداویستی پزیشکی بەبێ ڕاوێژی پزیشكی چارەسەر و شوێنی فەرمی نەبێت بەكاری نەهێنن و گوێ لە هیچ ڕیکلامێکی ئۆنڵاین و سۆشیاڵمیدیا نەگرن کە بەبێ مۆڵەت و دەرمانی نایاسایی نابێت بفڕۆشرێتە هاوڵاتیان وە لەڕووی پزیشکیەوە ئامڕازی زیرەکی دەستکرد بەبێ پشکنینی پزیشکی و بینین و ڕاوێژی پزیشکی چارەسەر هەڵەی پزیشکی لێ دەکەوێتەوە.
دووەم:
ڕاگەیاندنەکان و پەیجەکانی سۆشیاڵمیدیا پێویستە لەگەڵ لایەنی فەرمی بەدواداچوون بکەن پێش بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
17 حوزەیران 2025

