هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، کاردانەوەی بەرفراوانی جیهانیی لێکەوتووەتەوە؛ لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە و داوای دانبەخۆداگرتن دەکەن، ئیسرائیل پێشوازیی لە هێرشەکە کردووە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشەکەی بە “مەترسیدار و نیگەرانکەر” وەسف کرد و هۆشداریی دا، “مەترسیی گۆڕینی ئەم ململانێیە بۆ شەڕێکی کۆنترۆڵنەکراو زۆر زیاد بووە.” گۆتێرێس جەختی کردەوە: “هیچ ڕێگەچارەیەکی سەربازی بوونی نییە. تاکە ڕێگە دیپلۆماسییە.”
هاوکات، ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی پارێزگارانی کردووە و ڕایگەیاندووە، “هیچ بەرزبوونەوەیەک لە ئاستی تیشکدانەوەی ئەتۆمیدا” تۆمار نەکراوە.
هەڵوێستی وڵاتان
یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا: کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، داوای گەڕانەوەی هەموو لایەنەکانی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ کرد. هاوکات، کیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ڕایگەیاند، ئەمریکا بۆ “کەمکردنەوەی هەڕەشەیەکی جددی” هەنگاوی ناوە و نابێت هەرگیز ڕێگە بە ئێران بدرێت چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت.
عێراق، قەتەر و عومان: حکوومەتی عێراقی و عومان “بە توندی” هێرشەکەیان ئیدانە کرد و بە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەیان زانی. قەتەریش هۆشداریی لە “دەرەنجامی کارەساتبار” دا.
سعوودیە: تەنیا نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە “چارەسەرێکی سیاسی” چڕتر بکاتەوە.
ئیسرائیل: وەک “هەنگاوێکی مێژوویی” پێشوازیی لە هێرشەکە کرد. ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، گوتی، ئامانج لە هێرشەکە “دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.”
ئوستڕالیا و نیوزیلاندا: ئوستڕالیا، کە پێشتر باڵیۆزخانەکەی لە تاران داخستبوو، داوای چارەسەری دیپلۆماسییانەی کرد. نیوزیلاندیش قەیرانەکەی بە “مەترسیدارترین” دۆخ وەسف کرد.
ئەم کاردانەوانە دوای ئەوە هاتن، بەرەبەیانیی یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند، هێزەکانیان دامەزراوە ئەتۆمییەکانی “فەردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان”یان لە ئێران بە تەواوی تێک شکاندووە.

