مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، چەند کاتژمێرێک پێش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، هاوتا میسرییەکەی، ڕایگەیاندبوو: “ئێمە دەستپێکەری شەڕ نەبووین و خوازیاری درێژەپێدانیشی نین، بەڵام وەڵاممان بۆ بەردەوامیی دەستدرێژی، توند و یەکلاکەرەوە دەبێت.”
بەپێی ئاژانسی تەسنیم، پزیشکیان شەوی شەممە سوپاسی “هەڵوێستە پتەو، یەکلاکەرەوە و برایانەکانی” میسری لە بەرانبەر ئیسرائیلدا کردبوو. هەروەها بانگەشەی ئەوەشی کردبوو، وڵاتەکەی هیچ نیازێکی بۆ چالاکیی ئەتۆمیی نائاشتیانە نییە.
سەرۆککۆماری ئێران گوتیشی: “ئیسرائیل و ئەمریکا پێیان وابوو کۆماری ئیسلامی لە ماوەی یەک یان دوو ڕۆژدا دەڕووخێت، بەڵام ئەمە خەیاڵێکی پووچ بوو.”
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆککۆماری میسر ئاماژەی بە ڕاوێژکردن لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان، بە ئەمریکاشەوە، کردبوو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕاگرتنی شەڕ.
تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە، ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بە فەرمی هاتە ناو ململانێی سەربازیی نێوان تاران و تەلئەبیب.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

