zagros news agency

ئیسرائیل هێرشی کردە سەر زیندانی ئێڤین لە تاران

 

ئەکاونتی فەرمیی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ، هەواڵی ئەنجامدانی هێرشێکی “وردی” بۆ سەر دەروازەی سەرەکیی زیندانی ئێڤین لە باکووری تاران ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، باڵەخانەی ئیداری، هۆڵی چاوپێکەوتن و دادسەرای زیندانەکەش کراونەتە ئامانج. سوپای ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە، لەم هێرشەدا هیچ زیانێک بەر ئەو باڵەخانانە نەکەوتووە زیندانییەکانی تێدا ڕاگیراون و زیندانییەکانیش سەلامەتن.

بەڵام پارێزەرێکی زیندانییەکان، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، لە وتووێژێکدا گوتوویەتی، لە ئەنجامی هێرشەکەدا زیندانییەک کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.

هێشتا ڕوون نییە ئەم کەسانە بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەست داوە یان بە تەقەی پاسەوانانی زیندانەکە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵاتنیان. هەندێک ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن، ژمارەیەک لە زیندانییەکان لە کاتی هەوڵدان بۆ دەرچوون لە زیندان، ڕووبەڕووی تەقەی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە. هەمان سەرچاوە باسی لە کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە کارمەندانی باڵەخانە ئیدارییەکەش کردووە.

دوای هێرشەکە، ژمارەیەک لە بنەماڵەی زیندانییە سیاسییەکان هەوڵیان داوە خۆیان بگەیەننە زیندانی ئێڤین. پێشتریش ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، جگە لە ناوەندە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران، هێماکانی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی وەک بنکەکانی بەسیج و یەکەی تایبەتی پۆلیسیش دەکاتە ئامانج.

شایەنی گوتنە، زیندانی ئێڤین بە یەکێک لە هێما سەرەکییەکانی سەرکوتی حکوومەتی ئێرانی لە بەرانبەر نەیارەکانیدا دادەنرێت و زۆربەی زیندانییە سیاسی و چالاکوانانی مەدەنیی تێدا بەند دەکرێن.

هەواڵی پەیوەندیدار

پرێمەرلیگ.. ئارسناڵ بەردەوامە لە سەرکەوتنەکانی و بە ئاسانی بردیەوە

یاسین

وەزیری نەوتی عێراق دێتە هەرێمی کوردستان

سەڵاح

ژماره‌ وهۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی حاجیانی ئه‌مساڵ راگه‌یه‌نرا

سەڵاح