zagros news agency

٢٥ وڵات، لەنێویاندا بەریتانیا و فەڕەنسا، داوای ڕاگرتنی دەمودەستی شەڕی غەززە دەکەن

 

ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ وڵات لەنێویاندا بەریتانیا، فەڕەنسا، کەنەدا و ژاپۆن، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای کۆتاییهێنانی «دەستبەجێ»یان بە شەڕ لە کەرتی غەززە کرد. ئەم وڵاتانە جەختیان لەوە کردەوە کە ئازاری هاووڵاتییە مەدەنییە فەڵەستینییەکان لەم ناوچە گەمارۆدراوەی ژێر دەستی سوپای ئیسرائیلدا گەیشتووەتە «لووتکە».
وەزیرانی دەرەوەی ئەم وڵاتانە نووسیویانە: «ئێمە بە پەیامێکی سادە و بەپەلە کۆبووینەتەوە: دەبێت شەڕ لە غەززە دەستبەجێ ڕابگیرێت.» هەروەها جەختیان کردووەتەوە کە «ئازارەکانی هاووڵاتییانی مەدەنی لە غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی نوێی لووتکە».
ئەم داواکارییە بێپێشینەیەی ٢٥ وڵات لە کاتێکدایە کە نزیکەی دوو ملیۆن فەڵەستینیی دانیشتووی غەززەی گەمارۆدراو لەلایەن ئیسرائیلەوە، دوای زیاتر لە ٢١ مانگ لە پێکدادانەکان، کە بە هێرشە بێپێشینەکەی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستی پێکرد، لە لێواری برسێتی و قاتوقڕیدان.
لە بەیاننامەی وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانەدا هاتووە، شێوازی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لەلایەن حکوومەتی ئیسرائیلەوە «مەترسیدارە»، بووەتە هۆی «نائارامی» و کەرامەتی مرۆیی دانیشتووانی غەززەی پێشێل کردووە. ئاماژەی ئەم وڵاتانە بۆ «دەزگای مرۆیی غەززە»یە، کە بە پشتیوانیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی ئایارەوە دەستی بە کارەکانی کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئیسرائیل بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بە تەواوی ڕێگری لە گەیشتنی هاوکارییەکان بە غەززە کردبوو.
بە گوتەی سەرۆکی دیپلۆماسیی ئەم ٢٥ وڵاتە، «سامناکە کە زیاتر لە ٨٠٠ فەڵەستینی لە کاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی هاوکاری گیانیان لەدەستداوە». نەتەوە یەکگرتووەکان سێشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، لە کۆتایی مانگی ئایارەوە تا ئێستا، ٨٧٥ کەس لە هەوڵی دۆزینەوەی خۆراکدا کوژراون، کە ٦٧٤ کەسیان لە نزیک شوێنەکانی دابەشکردنی «دەزگای مرۆیی غەززە» گیانیان لەدەستداوە.
لە بەیاننامەکەدا هەروەها هاتووە: «ڕەتکردنەوەی پێشکەشکردنی هاوکارییە گرنگەکان بە هاووڵاتییانی مەدەنی لەلایەن حکوومەتی ئیسرائیلەوە، کارێکی قبووڵنەکراوە». ئەم وڵاتانە هاوکات لەگەڵ داواکاری بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، داوای ئازادکردنی ئەو بارمتانەشیان کردووە کە بە گوتەی ئەوان «بە شێوەیەکی دڕندانە» لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون.
هەروەها، ئەم وڵاتانە ڕایانگەیاندووە کە دژی هەر هەنگاوێکن بۆ گۆڕینی دۆخی خاک و دیمۆگرافیای ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین و داوای ڕاگرتنی ئاوەدانیی ئیسرائیلییەکانیان لەو ناوچانەدا کردووە.
وڵاتە واژۆکارەکان بریتین لە: ئوسترالیا، نەمسا، بەلجیکا، کەنەدا، دانیمارک، ئیستۆنیا، فینلاند، فەڕەنسا، ئایسلەند، ئێرلەندا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، لاتیڤیا، لیتوانیا، لۆکسمبۆرگ، هۆڵەندا، نیوزیلاند، نەرویج، پۆڵەندا، پورتوگال، سلۆڤینیا، ئیسپانیا، سوید، سویسرا و بەریتانیا.
جگە لەو وڵاتانە، حەجە لەحبیب، کۆمیسیاری ئەورووپی بۆ کاروباری یەکسانی، ئەم بەیاننامەیەی واژۆ کردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین ئاگادارییه‌كی بڵاو كرده‌وه‌

سەڵاح

ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریەوە

یاسین

جامی یۆرۆ.. ڕۆمانیا و بەلجیکا بەبێ بردنەوە گەیشتنە قۆناغی داهاتوو

یاسین