ڕۆژنامەی “شەرق” لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە قەیرانی ئاو لە ئێران، ئاشکرای کردووە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، قەبارەی ئاوی کۆکراوەی پشتی بەنداوەکانی تاران گەیشتووەتە نزیکەی ١٤٪ی توانای لەخۆگرتنیان.
ڕۆژنامەکە نووسیویەتی: “بەهۆی گەرمای ئێستا، ئەگەری هەیە کێشەی سەرەکی لە مانگی ئەیلوولەوە دەست پێ بکات.”
شەرق ئاماژەی بەوەش کردووە، لەم دۆخەدا بەرپرسان وەک هەمیشە هاووڵاتییانیان بە هۆکاری کێشەکە زانیوە. جێی باسە، قەیرانی کارەساتباری ئاو لە کاتێکدا بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە کە لە ساڵانی ڕابردوودا، کەرتی ئاو پشکێکی بەرچاوی لە بودجەی وڵات بەرکەوتووە.
ئەم میدیایە بە ورووژاندنی چەند پرسیارێک لە بەرپرسان، نووسیویەتی: “بۆچی دەبێت ژمارەی دانیشتووانی تاران بەردەوام زیاد بکات، لە کاتێکدا سەرچاوە ئاوییەکانی سنووردارن؟”
لەوبارەیەوە، پسپۆڕێک لە “نێوەندی نیشتمانیی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی کشتوکاڵ و ئاوی ژووری بازرگانیی ئێران” گوتی: “ڕیشەی قەیرانی ئەمڕۆی ئاو بە هیچ شێوەیەک لە ڕەفتاری هاووڵاتییاندا نییە. ئەوەی خەڵک بە هۆکاری قەیرانەکە دابنرێت، بە دڵنیاییەوە هەڵەیە.”

