zagros news agency

تورکیا لەبەرانبەر ئاگرکەوتنەوەی بەرفراواندا؛ چوار کەس گیانیان لەدەست دا و ئۆپۆزسیۆن ڕەخنە لە حکوومەت دەگرێت

ئاگرێکی بەرفراوان دارستانەکانی چەندین شاری تورکیا و باکووری کوردستانی گرتووەتەوە و تا ئێستا لە شاری بورسە چوار کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە گیانیان لەدەست داوە. هاوکات کابینەی حکوومەتی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە کۆ دەبێتەوە.
کابینەی حکوومەتی تورکیا ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار، کۆ دەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکان و پرۆسەی ئاشتی دەبێت.

زیانە گیانی و ژینگەییەکان
ئاگرە گەورەکان لە شارەکانی بورسە، مەرەش و کارابوک بەردەوامن و بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە ١٠ هەزار هێکتار دارستان سووتاوە. لە شاری بورسە، کارمەندێکی فریاگوزاری بەهۆی دووکەڵەوە تووشی جەڵتەی دڵ بوو و گیانی لەدەست دا. هەروەها بەهۆی وەرگەڕانی تانکەرێکی ئاوی خۆبەخشانەوە، سێ کەسی دیکە گیانیان لەدەست دا.
ئیبراهیم یوماکلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، ڕایگەیاند: “لە هەوڵی کوژاندنەوەی ٤٤ ئاگرداین کە زۆربەیان کۆنترۆڵ کراون. بەڵام پلەکانی گەرما زۆر بەرزن و هۆکاری سەرەکیی ئاگری نوێن. ئێستا چوار ئاگری گەورە لە بورسە، کارابوک و مەرەش بەردەوامن و بە فڕۆکە و هێلیکۆپتەر هەوڵی کوژاندنەوەیان دەدرێت. زیاتر لە ١٠ گوند چۆڵ کراون و ٣٥١٥ کەس گواستراونەتەوە.” وەزیرەکە هۆشداریی دا کە مەترسیی ئاگرکەوتنەوە تا مانگی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.
ڕەخنەی ئۆپۆزسیۆن و تۆمەتبارکردنی “جەماعەتی گولەن”
هاوکات لەگەڵ زیانەکان، هۆکاری ئاگرەکانیش بووەتە جێی مشتومڕ. پارێزگای بورسە ڕایگەیاند کە ئەندامێکی “جەماعەتی گولەن” بە تۆمەتی دەستپێکردنی ئاگرەکە دەستگیر کراوە.
لەلایەکی دیکەوە، گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دێم پارتی، ڕەخنەی توندی لە حکوومەت گرت و گوتی: “ناتوانین تەنیا گۆڕانی کەشوهەوا بە هۆکاری ئەم کارەساتانە بزانین. ئێمە لەدەستدانی دارستان و مردنی مرۆڤ و ئاژەڵ قبووڵ ناکەین. چەندین جار پێشنیازمان کردووە ژمارەی فڕۆکەکانی ئاگرکوژێنەوە زیاد بکرێن و هێڵەکانی کارەبا نوێ بکرێنەوە، بەڵام حکوومەت گرنگی بەم بابەتە نادات. ئەو گرنگییەی بە تەکنەلۆژیای درۆنی شەڕکەر دەدرێت، بۆچی بۆ درۆنی هۆشیاری و ئاگرکوژێنەوە نادرێت؟”
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەزار و ٣٥١ ئاگر لە دارستانەکاندا کەوتووەتەوە کە چوار هێندەی ساڵی ڕابردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

چەند حاڵەتێکی تای خوێن بەربوون لە کەرکوک تۆمار دەکرێن

یاسین

راوێژكاری پێشووی مام جه‌لال بۆ زاگرۆس: من ئاگادارم دووپه‌رله‌مانتاری یه‌كگرتووی دهۆك له‌گه‌ڵ ئه‌و چونه‌ نه‌بوون بۆ لای سودانی

یاسین

مۆرینیۆ: هیچ ترسێکم لە گواستنەوەکانی بارسێلۆنا نییە

یاسین