سێشەممە، 29ـ72025، حکوومەتی هۆڵەندا بڕیاریی دا ڕێگریی لە هەردوو وەزیرانی ئیسرائیل، ئیتیمار بن گڤیر و یسرائیل سمۆتریچ بکات بێنە ناو خاکەکەی، ئەمەش بەهۆی هاندانی توندوتیژی بووە دژی فەڵەستینییەکان.
کاسپەر ڤێلدکامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە نامەیەکیدا بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا ڕایگەیاند، “ئەنجوومەنی وەزیرانی هۆڵەندا بڕیاریداوە یسرائیل سمۆتریچ وەزیری دارایی و ئیتیمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بە کەسایەتی نەخوازراو بناسێنێت و هەردوو وەزیرەکەی لە لیستی بێگانە نەخوازراوەکان لە سیستەمی زانیاریی شنگن دا تۆمار کردووە.”
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا جەختی کردەوە “ئەم بڕیارە لەبەر ئەوە دراوە کە سمۆتریچ و بن گڤیر چەندین جار خەڵکیان هانداوە بۆ توندوتیژی دژی فەڵەستینییەکان، بانگەشەیان بۆ فراوانکردنی نیشتەجێبوونی نایاسایی و پاکتاوکردنی نەتەوەیی لە کەرتی غەززە کردووە.”
بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، هۆڵەندا ئەو دوو وەزیرەی تۆمەتبار کردووە بەوەی “داوای فراوانکردنی نیشتەجێبوونی نایاسایی و پاکتاوی نەتەوەییان لە کەرتی غەززە کردووە.”
ئاماژەی بەوەش کردووە، “باڵیۆزی ئیسرائیل لە لاهای بانگهێشتی نووسینگەی وەزیری دەرەوەی هەڵەندا دەکرێت، بۆ ڕەخنە و سەرزەنشتکردن”، دەشڵێت: بن گڤیریش لەوبارەوە گوتیەتی “تیرۆریستان ئازادن و جووەکان قەدەغەکراون.”

